لە سێبەردان
چەند ماڵێک سیاجی باخچەکانیان بۆ دووەم جار تێکدرا
کاردۆست حسین ـ هەولێر
دووەم جارە شارەوانی هەڵدەستێت بە تێکدانی سیاجی باخچەی چەند ماڵێک لە سێبەردان، لە بەرامبەردا هی چەند ماڵێک تێکنەدراوە و ئەمەش زیاتر ئەو هاوڵاتیانەی نیگەران کردووە.
دەرباز عەبدوڵا هاوڵاتییەکی گەڕەکەکەیە و بە 964ـی وت، ئەم شوێنە سەرەتا قوڕ و زبڵ بووە و چوونەتە شارەوانی بۆ ئەوەی شۆستە بۆ کۆڵانەکانیان بێت بەڵام نەهاتووە، لە بەرامبەردا لەسەر ئەستۆی خۆیان چاکیان کردووە.
دەشڵێت، بەر لە چاکردنی کۆڵانەکانیان بەهۆی زبڵەوە ئاژەڵی زۆر کۆدەبوونەوە، ئەوانیش بەهۆی بەدەم نەهاتنەوە لەسەر ئەستۆی خۆیان لایانبردووە، هەروەها باسی لەوەکرد کە ئەم ماڵانە بۆ دروست کردنی باخچەکانیان هەر ماڵێک نزیکەی 700 هەزاریان چووە.
یەکێکی تر لەم خاوەن ماڵانە ئاماژەی بەوەدا کە هەر کێشەی شۆستە و باخچە نییە، بگرە کۆڵانەکانیان قیرتاونەکراوە و زبڵ و خاشاکێکی زۆر لە دەورووبەری ماڵەکان هەیە و شارەوانی چارەسەری نەکردووە، لەبەرامبەردا هاوڵاتیان لەسەر ئەستۆی خۆیان کۆڵانەکانیان چەوڕێژ کردووە و زبڵ و خاشاکیان فرێداوە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی