خانوویەکى بچوک و ئازارێکى گەورە

چیرۆکى خێزانێکى نەدار؛ “فەرش دەخوات و هەرچى بکەوێتە دەستى دەیشکێنێ”

964+

ئەحمەد شەمزین – هەولێر

لەناو ماڵێکى هەولێر کە رووبەڕى خانووەکە کرێیەکەیان تەنیا 80 مەترە، بەڵام بە قەبارەى سەدان مەتر ناخۆشى و بێدەرەتانى و ئازاریان هەیە، لەو ماڵەدا چیرۆکێک هەیە و یەکێک لە کچە تەمەن 25 ساڵانەکەیان جگە لەو حاڵەتە تایبەتییەى تێیدایەتى، فەرش و کۆمبار دەخوات و هەرچى دەستى دەکەوێت دەیشکێنێت.

پەیمان تەیب، دایکى دولبەرە،”دولبەر ئەو کچە تەمەن 25 ساڵانەیە کە هەڵگرى ئۆتیزمە و حاڵەتەکەى پەرەسەندووە”، بە 964ـى وت،”ژیانمان زۆر سەختە، کچەکەم کە دەبوایە زانکۆى تەواو بکردایە، بەڵام بەهۆى ئەوەى هەڵگرى ئۆتیزمە و خاوەن پێداویستى تایبەتە، لەماڵەوە هەموومان گیرۆدەى بووین، چونکە کاردانەوەکانى زۆرن، فەرش دەخوات و هەرچى بکەوێتە دەستى دەیشکێنێت”.

ئەوان لە خانوویەکى کۆنى 80 مەتریدا کرێچین، بەهۆى هەژارى و نەدارییەوە نەیانتوانیوە منداڵەکەیان ببەنە سەنتەرێکى شیاندنەوە، هەر ئەوەشنا، کاتێک پەیامنێرى 964 لە دایکى دولبەر دەپرسێت ئەگەر دولبەر ببەن بۆ سەنتەرێک هیچ گۆڕانکارى روونادات، بەڵام لە وەڵامى دایکەکە دەردەکەوێت کە هیچ ئاگاییەکیان لەبارەى سەنتەرەکانەوە نییە.

پەیمان بەهۆى دولبەرەوە رێگاى ماڵى دایکى و خەسووى ونکردووە، چونکە وەک لە قسەکانیدا باسى دەکات، بەهۆى ئەو حاڵەتەى دولبەر هەیەتى، بە ساڵیش جارێک ناچێتە ماڵى هیچ کەسێک تەنانەت دایکیشى.

داواش دەکات، بەهانایانەوە بچن و دەستگیرۆیى بکرێن، بۆ ئەوەى ژیانى دولبەر و منداڵەکانى تریان باش ببێت.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

"هیچ دەرمانێک نییە چارەسەری ئۆتیزم بکات"