باوكی گەنجە ونبووەكەی كەلار
“داواكارین هەوڵ و گەڕانی هێزە ئەمنییەكان چڕبكرێتەوە”
964+
میلاد جەلال
حەوت رۆژە گەنجێكی كەلار بێسەروشوێنە و باوكی داوای چڕكردنەوەی هەوڵی هێزە ئەمنییەكان دەكات.
محەمەد خالید باوكی كوڕە ونبووەكەیە و ئەمڕۆ شەممە بە 964ی وت، زانای غەواس هاتووە و لەگەڵ تیمەكان لە ئاوەكانی سیروان بە دوای تەرمی كوڕەیدا دەگەڕێن.
وتیشی، تا ئێستا هیچ سەرەداوێكیان دەستنەكەوتووە و هیوا وایە بگەنە ئەنجامێك.
هەروەها داوای كرد، هەوڵ و گەڕانی هێزە ئەمنییەكان چڕبكرێتەوە، بۆ ئەوەی بگەنە ئەنجامێك و لەو چاوەڕوانییە نەجاتیان بێ.
ئێوارەی رۆژی یەکشەممەى رابردوو، گەنجێک بەناوی مەھدی محەمەد، تەمەن 25 ساڵ، خوێندکاری زانکۆیە و لە قۆناغی چوارەمی بەشی فیزیایە لە زانکۆی گەرمیان و دانیشتووى گەڕەکی کەلاری کۆن، دوای ئەوەی لە کاتژمێر 4:00ـى ئێوارە لە ماڵ دەچێتە دەرەوە، تا ئێستا بێسەروشوێنە، دوو رۆژ دواتر رۆیشتنەكەشی، لە نزیک کەلار ماتۆڕەکەی دۆزرایەوە، ئەو جێگایەی ماتۆڕەکەی لێدۆزرایەوە پرۆژەی ئاودێریی لێیە و گومان دەکرێت کەوتبێتە ناو ئاوەکە و گەڕانی ئەمڕۆش هەر لەو شوێنانە دەكرێت.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا