وەک باشترین هاندەرى ساڵ
چاڵێنجى دەنگدان بە هاندەرانى زاخۆ
964+
رێباز خدر – هەولێر
دواى دیاریکردنى هاندەرانى یانەى زاخۆ لەلایەن فیفاوە وەک یەکێک لە باشترین هاندەر لە ساڵى 2025، هاوڵاتیان و وەرزشوانان و ساسییەکانیش بەشدارن لە هەڵمەتى دەنگدان بەیانەى زاخۆ.
پەیامنێرى 964 لەناو شارى هەولێر ژمارەیەکى زۆر گەنج و وەرزشدۆستى دواند، زۆربەیان دەنگیان بە هاندەرانى زاخۆ داوە و پێیانوایە جگە لە لایەنە وەرزشییەکەى، لەرووى نەتەوەیشەوە گرنگە دەنگ بە هاندەرانى زاخۆ بدرێت.
هاندەرانی یانەی زاخۆ لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهانی “فیفا” هەڵبژێردراون بۆ بەدەستهێنانی باشترین هاندەر لە سەرانسەری جیهان بۆ ساڵی 2025، لەگەڵ دوو لایەنی دیكەش ركابەرن، بەدەستهێنانی خەڵاتەكەش لە رێگەی دەنگدانی خەڵكەوەیە بە رێگەی ئۆنلاین لەسەر ئینتەرنێت، كە تا چەند رۆژێكی دیكە دەرفەت ماوە.
یانەی زاخۆ جگە لەوەی بە شێوازی هاندان و ئەو تیفۆ و لافیتانەی دروستی دەكەن، ناوبانگێكی زۆریان بەدەستهێناوە، بەهۆی ئەنجامدانی كارێك، كە هەڵدانی 30 هەزار بووكەڵە بوو بۆ ناو یاریگە بۆ دڵخۆشكردنی منداڵانی تووشبوو بە شێرپەنجە، بوونە جێی سەرنجی فیفا و چوونە ناو پێشبڕكێی بردنەوەی باشترین هاندەری ئەمساڵ.
تۆش ئەگەر دەنگت نەداوە، دەتوانى لەم لینکەوە دەنگ بدەى.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح