پاڵاوگەکە تەواو دەبێت

ئەوەنەی نەماوە خەڵکی دەربەندیخان نەجاتیان بێت لە ئاوی پیسی خواردنەوە

964+

میلاد جەلال – گەرمیان

لەساڵی 2012ـەوە، بەردی بناغەی پرۆژەی پاڵاوگەی ئاوی دەربەندیخان دانراوە و تائێستا کارەکانی تەواو نەبووە، قایمقامی قەزاکەش دەڵێت،”ساڵی داھاتوو دەخرێتە خزمەت ھاوڵاتیان”.

سلێمان محەمەد، قایمقامی قەزای دەربەندیخان بە 964ـی وت، “95%ـی کارەکانی پرۆژەکە تەواو بووە، لەڕووی بینا و کارکردنەوە ھیچ شتێکی نەماوە، تەنھا ماتۆڕ و ئامێرەکانی دیکەی پاڵاوگەکە ماوە”.

“کۆمپانیای ئۆھیتانی جێبەجێکاری پرۆژەکە، داواکاری ئامێرەکانی پاڵاوگەکەی کردووە لە وڵاتی ئەڵمانیاوە و بگات، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتووە، بەئەگەری زۆرەوە تا مانگی 4ـی ساڵی داھاتوو، پاڵاوگەکە دەکەوێتە کار”،سلێمان محەمەد وای وت.

دانیشتوانی قەزای دەربەندیخان لەنێوان دوو بەنداون، بەڵام ئاوی پاکیان نییە بۆ خواردنەوە، ئەوەی ھەیە ھاوڵاتیان لە کانیاوەکانی سنوورەکە ئاو دەھێنن یان بە تانکەر دەیکڕن، ئەگەر ھەر ماڵێک لە گەڕەک بیری ئیرتیوازی ھەبێت ئیتر ئەو گەڕەکە دەحەسێنەوە و خەمی ئاوی پاکیان نییە.

لەبارەی ئەوەی بە تەواوبوونی ئەو پاڵاوگەیە ئیتر دانیشتووانی قەزای دەربەندیخان نەجاتیان دەبێت و خەمی ئاوی خواردنەوەیان نابێت، قایمقامی قەزاکە وتی،”تەواو بوونی ئەو پاڵاوگەیە بەشێکی گرنگی پرۆسەکەیە، بەڵام تۆڕی ئاوی قەزاکەش کۆنە و پێویستی بە گۆڕین ھەیە، داوامانکردوە لەگەڵ تەواوبونی پاڵاوگەکە بەخێرایی تۆڕی ئاوەکەش نۆژەنبکرێتەوە، ئیتر دەربەندیخان گرفتی ئاوی خواردنەوەی نامێنێت”.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

دەستکرایەوە بە کارکردن لە پاڵاوگەی ئاوی دەربەندیخان

دەستکرایەوە بە کارکردن لە پاڵاوگەی ئاوی دەربەندیخان