رووداوەکە لە کەرکوک بووە

شۆفێرەکە 15 ساڵە؛ تووشى رووداوى هاتوچۆ بووە و دوو بریندار و گیانلەدەستدانێکى لێکەوتەوە

+964

وریا فەتاح

بەپێى هەواڵێکی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی کەرکوک، بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆوە لەسەر رێگای پردی چوارەم و پردی رەشید (دومیز) لە کەرکوک، گەنجێک گیانی لەدەستدا و دوو کەسی دیکەش برینداربوون، کە یەکێکیان شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە بوو و تەمەنی 15 ساڵە.

بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی کەرکوک رایگەیاند، شۆفێرەکە لەدایکبووی ساڵی 2010 یەو مۆڵەتی شۆفێری نییە، بەڵام بە خێرایی 120 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا ئۆتۆمبێلێکی جۆری “سورینتۆ”ی لێخوڕیوە و تووشى ئەو رووداوە بووە.

لە رووداوەکەدا، ئۆتۆمبێلەکە لە کۆنترۆڵ دەرچووە و خۆی بە درەختێک و پاشان ستوونێکی کارەبادا کێشاوە و دواتر وەرگەڕاوە، بەهۆیەوە ئۆتۆمبێلەکە بە تەواوی وێران بووە.

محەمەد ئیسماعیل، بەڕێوەبەری هاتووچۆی کەرکوک، دووپاتی کردەوە کە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان سکاڵای یاسایی لە دژی شۆفێرەکە تۆمار کردووە، چونکە مێردمنداڵ بووە و زیانی ماددی و گیانلەدەستدانی گەنجەکەی هاوڕێی و برینداربوونی کەسێکی دیکەی لێکەوتووەتەوە.

وردەکاری دەربارەی رووداوی هاتوچۆکەی کەرکوک

وردەکاری دەربارەی رووداوی هاتوچۆکەی کەرکوک