گۆڕەپانی گۆڵف لە ئەربیل هێڵز
بۆ یەكەمجارە
پاڵەوانیەتیی گۆڵفی عێراق لە هەولێر دەستیپێكرد
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
بۆ یەكەمجارە پاڵەوانیەتییەكی فراوانی یاریی گۆڵف لە هەولێر بەڕێوەدەچێت و 10 یانە بەشداریی تێدا دەكەن.
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 3.11.2025 لە پڕۆژەی ئەربیل هێڵز پاڵەوانیەتیی گۆڵفی عێراق دەستیپێكرد، كە 10 یانەی عێراق بەشدارن.
بەڕێوەبەری گشتیی وەرزش سەردار ئیسماعیل، كە لە كردنەوەی پاڵەوانیەتییەكە ئامادەبوو، بە 964ی راگەیاند، ئەمە پاڵەوانیەتیی ژمارە 50یە لە ئاستی عێراق، بەڵام یەكەمجارە لە هەولێر بەو ئاستە ئەنجام بدرێت، كە بە سەرپەرشتیی فیدراسیۆنی گۆڵفی عێراق دەبێت.
وتیشی، ئەو گۆڕەپانەی لە هەولێر بۆ یاریی گۆڵف دروست كراوە، لە سەرانسەری عێراقدا نموونەی نییە و جێی سەرنجە.
یاریی گۆڵف، كە بە یاریی سەرمایەداران ناسراوە و تایبەتمەندە، بەپێی بەدواداچوونەكانی 964، لە ساڵی 1921ەوە تا 1976 لە عێراق ئەنجام دەدرا، دواتر فەرامۆش كرا تا ساڵی 2003 و پرۆسەی ئازادی عێراق، كە دواتر دووبارە بایەخی پێدرایەوە و ئێستاش بە ئاستێكی فراوان بەڕێوەدەچێت و 10 یانەش لەو پاڵەوانیەتییەی هەولێر بەشدارن، كە چەند رۆژێك دەخایەنێت.