بازاڕەكە بێ كێشە نییە
بازاڕی سپی لە هەولێر كرایەوە و دوكاندارانیش چاوەڕێی مەعاشن
964+
رێباز خدر – هەولێر
ئەمڕۆ ئێوارە لە شاری هەولێر، بە فەرمی بازاڕی سپی کراوەیە، دوای ئەوەی ماوەی زیاتر لە 7 مانگ بازاڕەکە بە شێوەیەکی نافەرمی بە رووی هاوڵاتیاندا کرابووەوە، کە ئەم بازاڕە لە بری بازاڕی سیم دروست کرا، بەشێك لە دوكاندارەكان دەڵێن بۆ بازاڕی باش چاوەڕێی مەعاشی موچەخۆرانن، ئەوەشیان نەشاردەوە كێشەی سیكویرتی و پاكوخاوێنییان هەیە.
ژمارەی دوکانەکان تێیدا نزیکەی 713 دوکانن، کە ئێستا نیوەی دوکانەکان کراونەتەوە و هاوڵاتیان پێداویستی خۆیانیان تێیدا دەکڕن.
دیدار عومەر، كە خاوەنی یەکێک لە دوکانەکانی بازاڕی سیم بوو، ئێستا لە بازاڕی سپی قەرەبوو کراوەتەوە، ئەو بە 964ی وت، بازاڕەكە لە رووی رووبەرەوە فراوانترە و کێشەی ئاو و کارەبایان نییە، بەڵام هەندێک کێشەی پاکوخاوێنی و لایەنی ئاسایشمان هەیە.
ئەو وتی، بازاڕەكە وەک پێویست پاکناکرێتەوە، كەچی بڕی پارەی خزمەتگوزاریش زۆرە بۆ هەر مانگێک نزیکەی 30 هەزار دینارە.
موزەفەر حەیدەر دوكاندارێكی دیكەی بازاڕەكەیە، ئەو بیروڕای تەواو لە دیداری هاوپیشەی جیاوازە و بە 964ی وت، “بازاڕەكە تەواو جیاوازە لە بازاڕی سیم، هاوشێوەی بازاڕەکانی تری هەولێرە، کە لە رووی پاکوخاوێنی و سکیوریتی زۆر باشە، بەڵام کەمێک بێ بازاڕی هەیە بەهۆی نەهاتنی موچەوە و بەشێکیشی بەهۆی ئەوەی کە خەڵک هێشتا نازانن ئەم بازاڕە کراوەتەوە”.
بازاڕی سپی، دەکەوێتە سەر شەقامی 120 مەتری هەولێر، لە نێوان گەڕەکەكانی شادی و بەهاری نوێیە، بە شێوازێکی مۆدێرن دروست کراوە و باخچە و گەراجی ئۆتۆمبێلیشی تێدایە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا