لە بەندەری "شەهید کەلانتەر"ی چابەهار
سێنتکۆم: مەکۆیەکی سەرەکی تۆڕی چاودێریی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران کراوەتە ئامانج
فەرهاد حەسەن
سێنتکۆم بڵاویکردەوە، هێزەکانیان لە ئۆپەراسیۆنێکی سەرکەوتوودا، مەکۆیەکی گرنگی چاودێرییان لە بەندەری “شەهید کەلانتەری” لە چابەهار تێکشکاندووە، کە وەکو ناوەندێکی سەرەکیی سوپای پاسداران بۆ هەڕەشەکردن لە هێڵە دەریاییەکان بەکاردەهێنرا.
ئۆپەراسیۆنەکە، دوێنێ پێنجشەممە ئەنجامدراوە، هێزەکانی ئەمریکا مەکۆی چاودێریی ئەم بەندەریان لە “چابەهار” کە کەوتووەتە سەر کەناراوەکانی دەریای عومان پێکاوە و ئەم مەکۆیە بەشێکی سەرەکی بوو لە تۆڕێکی چاودێریی دەریایی کە سوپای پاسدارانی ئێران (IRGC) بۆ ماوەی چەندین دەیە بەکاریهێناوە بۆ چاودێریکردن و بەئامانجگرتنی ئەو کەشتییە بازرگانییانەی لە گەرووی هورمزەوە تێپەڕ دەبن.
سێنتکۆم دەڵێت، ئامانجی هێرشەکە بۆ لاوازکردنی تواناکانی سوپای پاسدارانە بۆ هەماهەنگیکردنی هێرشەکان لە دژی کەشتییە مەدەنییەکان و پاراستنی گیانی کارمەندانی ناو کەشتییەکان و ئەم هەنگاوەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئەمریکادایە بۆ پاراستنی ئازادیی گەشتی دەریایی لە ئاوەکانی ناوچەکەدا.
بەپێی راگەیەندراوەکەی سێنتکۆم، جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئازادیی هاتوچۆ لە ئاوەکانی ناوچەکەدا بۆ هەموو کەشتییەکان دەستەبەرە، جگە لەو کەشتییانەی کە هەوڵدەدەن ئابڵۆقە دەریاییەکەی ئەمریکا بۆ سەر ئێران پێشێل بکەن، کە لە ئێستادا بەردەوامیی هەیە.