دوو ماتۆڕى گەیاندنى خواردن لەسەر شەقامێک
عێراق چەند بڕیارێك بۆ ماتۆڕسوارانی دیلیڤەری دەردەكات
سەندیكای كرێكارانی دیلیڤەری دادەمەزرێت و لە بیمەی تەندروستی و كۆمەڵایەتی تۆمار دەكرێن
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
حكومەتی عێراق كۆمەڵێك كار و خزمەت بۆ ماتۆڕسوارانی دیلیڤەری رادەگەیەنێت و چەند وەزارەتێك رادەسپێرێ بۆ جێبەجێكردنی، گرنگترینیان تۆماركردنیانە لە بیمەی تەندروستی و كۆمەڵایەتی.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، راسپاردەکانی سەبارەت بەو گەنجانەی کە لە خزمەتگوزاری گەیاندن کاردەکەن راگەیاند، كە چەند خاڵێكی گرنگ بۆ ئەو كەسانەی كاری دیلیڤەری دەكەن.
نووسینگەکە ئەمڕۆ دووشەممە 20.10.2025 لە راگەیەندراوێکدا روونیكردەوە: “لە چوارچێوەی بەدواداچوونەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەو پرسانەی پەیوەستن بە رێکخستنی بازاڕی کار و پاراستنی کرێکاران لە کەرتی خزمەتگوزاریی گشتی و تایبەتدا، هەروەها لە جێبەجێکردنی رێنماییەکانی لە میانی دیدارەکەیدا لەگەڵ کۆمەڵێک گەنج کە لە خزمەتگوزاری گەیاندن کاردەکەن لە 20ی ئەیلولدا، هاوتەریب لەگەڵ پابەندبوونی حکومەت بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی کاری یاسایی و کۆمەڵایەتی، ئەو لیژنەیەی کە بەپێی فەرمانی دیوانی ژمارە 251296ی 21ی ئەیلوولی 2025 پێکهێنرا، چەندین کۆبوونەوەی ئەنجامدا و راسپاردەکانی کۆتایی خۆی پێشکەش بە سەرۆکوەزیران کرد.
هەروەها ئاماژە بەوە كراوە، راسپاردەكان لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە پەسەندکران و جێبەجێ دەكرێن.
وەك لە راگەیاندراوەكەدا هاتووە، راسپاردەکان بریتی بوون لە (15) رێوشوێنی جێبەجێکردن، کە لایەنە رێکخراوەیی، یاسایی، کۆمەڵایەتی و ئەمنییەكان دەگرێتەوە، بەم شێوەیەی خوارەوە:
– دامەزراندنی سەندیکایەکی گشتی بۆ کرێکارانی گەیاندن بە پێی بڕگەکانی یاسای رێکخستنی سەندیکاکان ژمارە 53ی ساڵی 1987، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، بۆ ئەوەی نوێنەری فەرمی ئەم توێژە بێت.
– تۆمارکردنی شۆفێرانی گەیاندن بۆ بیمەی تەندروستی و کۆمەڵایەتی، هەروەها خستنەڕوویان لە بەرنامەکانی پاراستنی حکومەتدا.
– ئامادەکردنی ئەپڵیکەیشنی ئەلیکترۆنی بە سەرپەرشتی وەزارەتی گواستنەوە و رێکخستنی پەیوەندی نێوان کۆمپانیاکانی گەیاندن و شۆفێران و زامنکردنی مافی هەردوولا.
– ئاسانکاری بۆ تۆمارکردنی ماتۆڕسکیلەکان لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆ و گومرگ، کەمکردنەوەی کرێی ژمارەدانیان، رێگەدان بە چوونە ژوورەوەیان بۆ ناو بەنزینخانەکان بەپێی رێسا تایبەتەکان.
– ئاراستەکردنی وەزارەتی ناوخۆ و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان بۆ هاوکاریکردنی شۆفێران لەکاتی دەوامی شەوانەدا.
-پێشکەشکردنی قەرزی بچووک و ئاسان لەلایەن بانکە حکومی و ئەهلییەکانەوە، بە سەرپەرشتی بانکی ناوەندی، بۆ پاڵپشتیکردنی پڕۆژە تایبەتەکانیان.
– پابەندکردنی کۆمپانیاکانی گەیاندن و چێشتخانەکان بە رەچاوکردنی کاتی دەوام و کرێ، بەگوێرەی ستانداردەکانی سەلامەتی و مافی کرێکاران.
– بەشە لێهاتووەکان لە وەزارەتەکانی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و وەزارەتی پەیوەندییەکان، لەگەڵ بەشی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان لە وەزارەتی بازرگانی هەماهەنگی لەگەڵ یەکتر دەکەن بۆ تۆمارکردنی کۆمپانیا و فەرمانگەکانی بەشدار لە خزمەتگوزاری گەیاندن و لە ماوەی 60 رۆژدا راپۆرتێک پێشکەش بە دیوانی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران دەکەن.