ژمارەیەک هاوڵاتی کە دەیانەوێت بچن بۆ عومرە - وێنە: بەڕێوەبەرایەتی حەج و عەمرە
تا 15ـى 11ـى 2025
واده‌ی گرێبه‌ستی كۆمپانیاكانی عومره درێژ كرایه‌وه
964+
وریا فەتاح
حەج و عومرەى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، ئه‌گه‌ر چی بڕیاربوو 15ـى ئەم مانگە دوا واده بێت بۆ ئه‌نجامدانی گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكانی حه‌ج و عومره به مه‌به‌ستی رێكخستنی گه‌شتی عومرە بۆ هاووڵاتیان، به‌ڵام وادەى گرێبەستى کۆمپانیاکانى عومرە بۆ یەک مانگى دیکە و تا 15.11.2025، درێژکراوەتەوە.
کاروان ستوونى، وتەبێژى بەڕێوەبەرایەتى گشتى حەج و عومرە بە 964ـى وت،”داوا لە هەموو کۆمپانیاکانى عومرە دەکەین ئەوەى تائێستا مامەڵەکانیان تەواو نەکردووە و گرێبەستیان ئەنجام نەداوە، به زووترین كات ده‌ست به ته‌واوكردنی مامه‌ڵه‌كانیان بكه‌ن و گرێبه‌ست ئه‌نجام بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی و به بێ كێشه و گرفت پرۆسه‌ی گه‌شتی عومره ئه‌نجام بده‌ن”.
ئاشکراشى کرد، تاوه‌كوو ئێستایش له كۆی 405 كۆمپانیای حه‌ج و عومره له هه‌رێمی كوردستان، 242 كۆمپانیا گرێبه‌ستییان له‌گه‌ڵ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی حه‌ج و عومره ئه‌نجام داوه تاوه‌كوو به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی گه‌شتی عومره بكه‌ن و پابه‌ندبن به رێنماییه‌كانی به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی حه‌ج و عومره‌وه.