"لە رێگاى لیبیا و تونس"
چارەنووسى 139 گەنجى راپەڕین لە رێگەى هەندەران بە نادیارى ماوەتەوە
964+
ژوورى هەواڵ
دیاردەی کۆچی گەنجان لە سنووری ئیدارەی راپەڕین بە شێوەیەکی بەرچاو لە هەڵکشاندایە و پشکی شێری لە کۆی گشتی کۆچبەرانی هەرێمی کوردستان بەرکەوتووە، گەنجان پەنا بۆ رێگای مەترسیدار دەبەن بۆ گەیشتن بە ئەوروپا، لەم نێوەندەشدا دەیان گەنج دەستبەسەرکراون و چارەنووسیان نادیارە.
بەپێی زانیارییەکانی سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان، لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا، ئیدارەی راپەڕین بەشێکی گەورەی لە کۆچی گەنجاندا هەبووە و ئەم شەپۆلەش تا ئێستا بەردەوامی هەیە.
بەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەکە، بە 964ـی راگەیاند کە گەنجانی دەڤەرەکە روویان لە مەترسیدارترین رێگاکان کردووە، بەتایبەتی لە رێگەی لیبیا و تونسەوە بۆ گەیشتن بە ئیتاڵیا، کە رۆژانە کۆچبەر تێیدا گیانیان لەدەستدەدەن.
هۆکاری سەرەکی پەنابردنی گەنجان بۆ ئەم رێگا قاچاخ و ترسناکانە، بە بڕوای بەکر عەلی، دەگەڕێتەوە بۆ پێنەدانی ڤیزەی تورکیا بە دانیشتووانی پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە، و ئیدارە سەربەخۆکانى راپەڕین و گەرمیان لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا، ئەمەش وایکردووە کە گەنجان ناچاربن رێگای دیکە تاقیبکەنەوە.
بەپێى ئامارێکى کۆمەڵەکە، تەنیا لە 10 مانگی رابردوودا، زیاتر لە 300 گەنج کە لەم رێگایانەوە کۆچیان کردبوو، گەڕێندراونەتەوە بۆ کوردستان.
دۆخی گەنجە کۆچبەرەکانی ئەم دەڤەرە زۆر نالەبارە، بەوتەى بەکر عەلى لە ئێستادا 139 گەنج چارەنووسیان نادیارە و گیریان خواردووە:
81 کەس لە لیبیا لەلایەن هێزە میلیشیاکانەوە دەستبەسەرکراون.
21 کەس کە پێشتر لەلایەن حکومەتی لیبیاوە دەستبەسەرکرابوون، ئێستا لە کونسوڵخانەی عێراقن و چاوەڕێی رێکارەکانی گەڕانەوە دەکەن.
37 کەسی دیکە لە تونس لەلایەن گروپە قاچاخچییەکانەوە بەهۆی کێشەی داراییەوە دەستبەسەرکراون.
کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان لەگەڵ خانەوادەی ئەو گەنجانە و لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی هەوڵی گەڕاندنەوەیان بدرێت.
بەوتەى بەکر عەلى، هۆکاری سەرەکی ئەم کۆچە بەلێشاوەی گەنجان، بەتایبەت لە دەڤەری راپەڕین، بریتییە لە بێکاری و نەبوونی هەلی کار.
بەکر عەلی داوا لە حکومەت دەکات کە چارەسەرێکی ریشەیی بۆ ئەم دۆخە بدۆزێتەوە تا چیتر گەنجان نەبنە قوربانی. هاوکات، تکا لە خێزانەکان دەکات کە رێگە نەدەن رۆڵەکانیان ژیانی خۆیان بخەنە مەترسییەوە و ئەم ڕێگا ترسناکانە هەڵبژێرن.