وەزارەتى نەوتى عێراق:
” لە ماوەى هەفتەیەکدا زیاتر له ملیۆنێک بەرمیل نەوتى هەرێمى کوردستانمان وەرگرتووە”
964+
فهرهاد حهسهن
وەزارەتى نەوتى عێراق، ئاشكراى دهكات، لەماوەى هەفتەیەکدا ملیۆنێک بەرمیل نەوتى لە هەرێمى کوردستان وەرگرتووە و لهگهڵ ئهوهشدا ماوهى چەند کاتژمێرێک نهوت وهستا، بهڵام ههناردهكردنهكهى بهردهوام بووه.
رۆژی 27.9.2025 هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان دوای زیاتر لە دوو ساڵ راگیرانی دەستیپێكردەوە، ئەمەش بەپێی رێككەوتنێكی سێ قۆڵی بەغداد و هەرێم و كۆمپانیا نەوتییەكان.
بەپێی رێككەوتنە سێقۆڵییهكه، كۆی نەوتی بەرهەمهێنراوی هەرێمی كوردستان دوای لێدەكردنی 50 هەزار بەرمیل نەوت بۆ پێداویستی رۆژانە، لە كێڵگەی نەوتی خورمەڵە كۆدەكرێتەوە و لەوێوە دەنێردرێتە پیشخاپوور و لە کۆتا خاڵی سنوری نێوان توركیا و هەرێم بەرپرسیارێتییەكەی دەكەوێتە ئەستۆی وەزارەتی نەوتی عێراق، تاوهكو دەگاتە بەندەری جەیهان و دواى فرۆشتنى داهاتەكەی دەگەڕێتەوە خەزێنەی گشتی.
حەیان عەبدولغەنى، وەزیرى نەوتى عێراق ئهمڕۆ شەممە رایگەیاند، تاوهكو ئێستا ئەو بڕە نەوتەى لەلایەن هەرێمەوە رادەستى عێراق کراوە گەیشتووەتە زیاتر لە ملیۆنێک بەرمیل نەوت.
یەکەم کەشتى بە 650 هەزار بەرمیل نەوتەوە لەبەندەرى جەیهانەوە بە رێکەوتووە، بەپێی پێگەى تایبەت بە چاودێریکردنى جوڵەى کەشتییەکان، كهشتیهكه دواى بارکردنى 650 هەزار بەرمیل نەوت بەندەرەکەى بەجێهێشت و بەرەو بەندەرى ئاوگۆستاى ئیتاڵى بەڕێوەیە.
ههفتهى رابردوو، وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی هەرێمی كوردستان دواى چەند کاتژمێرێک وهستانى نهوت دەستپێکردنەوەى هەناردەكردنهوهى راگەیاند و هۆکارى راگرتنیشى بۆ “كێشەیەكی تەكنیكی” گەڕاندەوە و وتیشی “ئەم كێشانە بەتەواویی چارەسەركراون و هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان دووبارە دەستی پێكردەوەو بەردەوامە”.
پێشتر بهڕێوهبهرى گشتى كۆمپانیاى بهبازاڕكردنى نهوتى عێراق (سۆمۆ) رایگهیاندبوو، لە قۆناغی یەكەمى رێککەوتنى سێ قۆڵیدا، لە كۆی 10 كۆمپانیای بەرهەمهێنەری نەوت 8 كۆمپانیایان بەشدارن، چاوەڕوان دەكرێت لە گەڕی دووەمی دانوستانەكاندا بۆ بەردەوامیدان بە رێككەوتنە سێ مانگییەكە و درێژكردنەوەی بۆ ساڵی داهاتوو ئەو كۆمپانیایانەی دیكەش بچنە چوارچێوەی رێككەوتنەكەوە. بەوەش بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی پێش راگرتنی هەناردەی نەوت كە رۆژانە تێكڕا 400 هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە هەناردە دەكرا.