بۆ پلەبەرزكردنەوەی پزیشکانی نیشتەجێی خولاوە

وەزارەتی تەندروستی 490 پزیشک دابەشی سەر ناوەندە تەندروستییەكانی هەرێم دەكات

فەرهاد حەسەن

بەپێی بڕیارێكی وەزارەتی تەندروستی 490 پزیشكی خۆلاو دابەشی سەر ناوەندە تەندروستییەكانی هەرێم لە تەواوی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان دەكرێت و مەبەستیش لێی بەرزكردنەوەی پلەی ئەم پزیشكانەیە.

نووسراوێکی وەزارەتی تەندروستی كە دوێنێ چوارشەممە بە فەرمانی وەزاری ژمارە 18667 دەرچووە و وەزیری تەندروستیش واژۆی كردووە، باس لە دابەشكردنی ئەم پزیشكانە دەكات و دەڵێت، بڕیاری گۆڕینی ناونیشانی پزیشکی نیشتەجێی خولاو بۆ پزیشکی پلەبەند و پلەبەرزکردنەوە ئەم بڕیارەیان دەركردووە.

بەپێی بڕیارەكە، دابەشكردنی ئەم پزیشكانە بەسەر سەرجەم دامودەزگاکانی تەندروستی دەرەوەی سەنتەری شارەکان بۆ سەرجەم قەزا و ناحیە و گوندەکان لە هەرێمی کوردستانە.

ئاماژە بەوەش دراوە، بڕیارەکە لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و تەندروستی هاوڵاتیان و هاوسەنگی و یەکسانی لە دابینکردنی خزمەتگوزاری تەندروستییە.