پۆلیسی دیالە: داعش دوو ماسیگری گوللەباران كرد

964+

راژان باجەڵان – خانەقین

بۆ ماسی گرتن رۆیشتبوونە سەر دەریاچەی حەمرین بەقسەی پۆلیسی پارێزگای دیالە بێت لەلایەن چەکدارانی داعش کوژراون.

ئەو دوو کەسەی کوژراون ئامۆزان و ناویان (ئـ. ع. خ.) و (ع. ع. خ) تەمەنیان سەرووی 30 ساڵ دەبن، دانیشتووی کۆمەڵگەی حەمرینن و بە رەچەڵەک عەرەبن.

ئەو دوو کەسە پیشەیان ماسی گرتن بووە و رۆژانە دەڕۆیشتنە سەر گردی برێدان لەسەر دەریاچەی حەمرین بۆ گرتنی ماسی.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 27.2.2023، وەک رۆژانی ئاسایی بۆ گرتنی ماسی دەچنە سەر دەریاچەی حەمرین بەڵام لە دوورەوە دەستڕێژی تەقەیان لێدەکرێت و دەکوژرێن.

بە قسەی هەندێک لە خەڵکی کۆمەڵگاکە بێت کە گوێبیستی دەنگی تەقەکە بوونە، ئەوانەی تەقەیان لێکردوون دوو کەس بوون.

نیهاد محەمەد حەسەن، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی دیالە بە تۆڕی964ـی وت، ئەوەندەی ئەوان ئاگادارن تەنیا دوو چەكداری داعش بوون و هێرشیان كردوەتە سەر ماسیگرەكان و هەڵهاتوون.

بەشێكی زۆر لە هاوڵاتیانی نزیك دەریاچەی حەمرین، بژێوی ژیانیان لەسەر راوە ماسییە، لەماوەی رابردووشدا چەندینجار “چەكدارانی داعش” هێرشیان كردوەتە سەر هاوڵاتیانی ناوچەكە.

زنجیرە چیا و تەپۆڵکەکانی حەمرین، لەدوای دەرکەوتنی رێکخراوی داعش لە 2014 تائێستا مۆڵگەی چەکدارانی داعشە و هەمیشە ناوچەیەکی گەرمی شەڕ بووە، ئەگەرچی سوپای عێراق چەندان ئۆپراسیۆنی سەربازی بۆ ئەو ناوچەیە ئەنجامداوە بەڵام نەیتوانیوە لە چەکدارانی داعش پاکی بکاتەوە.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق