ئیسماعیل بێشکچى
دۆستە دێرینەکەی کورد تووشی خوێنبەربوونی مێشک بوو
964+
وریا فەتاح
کۆمەڵناس و نووسەری بە نەتەوە تورک و دۆستی دۆزی کورد، دکتۆر ئیسماعیل بێشکچی، ئێوارەى دوێنێ لەکاتی بەشداریکردنی لە 9هەمین فێستیڤاڵی فیلمی بەڵگەنامەیی “فیلم ئامەد” لە شاری ئامەد، لەسەر شانۆ لەکاتی وتار پێشکەشکردندا باری تەندروستی تێکچوو و بەپەلە گەیەندرایە نەخۆشخانە.
بەپێى هەواڵى میدیاى تورکیا، پاش پشکنینەکان دەرکەوت کە تووشی خوێنبەربوونی مێشک بووە و لەژێر چاودێری چڕدایە.
دکتۆر ئیسماعیل بێشکچیی تەمەن 84 ساڵ، بۆ بەشداریکردن لە فێستیڤاڵی “فیلم ئامەد” سەردانی ئامەدی کردبوو، کە تێیدا فیلمێکی بەڵگەنامەیی لەسەر ژیانی خۆی بە ناوی (ئیسماعیلی ئێمە) نمایشکرا، لە دوای نمایشکردنی فیلمەکە، کاتێک بێشکچی چووە سەر شانۆ بۆ پێشکەشکردنی وتارێک، لەپڕ باری تەندروستی تێکچوو، تیمەکانی فریاگوزاری دەستبەجێ گەیشتنە شوێنەکە و دوای ئەنجامدانی فریاگوزاری سەرەتایی، گواستیانەوە بۆ نەخۆشخانە.
بەپێی ئەو زانیاریانەى میدیا تورکییەکان بڵاویان کردووەتەوە و لە پزیشکییەکان وەریان گرتووە، بێشکچی بەهۆى بەرزى فشارى خوێنەوە، تووشى خوێنبەربوونی مێشک بووە .
سەرۆکی پزیشکانی نەخۆشخانەی زانکۆی دیجلە، پرۆفیسۆر دکتۆر محەمەد ئاتا ئاکڵ، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا کە هەرچەندە بێشکچی هۆشی لەدەست نەداوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی خوێنبەربوونەکە لە ناوچەیەکی هەستیاری مێشکدایە، مەترسی لەسەر ژیانی هەیە و لە بەشی چاودێری چڕ چارەسەری پێویستی بۆ دەکرێت.
بێشکچی، دۆستێکی دێرینی کوردستان
ئیسماعیل بێشکچی، یەکێکە لەو رۆشنبیرە دەگمەنە تورکانەی کە تەواوی ژیانی تەرخان کردووە بۆ لێکۆڵینەوە و بەرگریکردن لە دۆزی رەوای کورد، کە بەهۆی نووسین و کتێبەکانی لەسەر پرسی کورد و کوردستان، کە کۆی گشتی 36 کتێبە و 32یان لە تورکیا قەدەغە کراون، 17 ساڵ لە ژیانی لە زیندانەکانی تورکیادا بەسەر بردووە.
بێشکچی هەمیشە جەختی لەوە کردووەتەوە کە کوردستان وڵاتێکی دابەشکراوە و پێویستە کوردیش وەک هەموو گەلانی جیهان ببێتە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی،
ڕووداوی تێکچوونی باری تەندروستیی بێشکچى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستانى نیگەران کردووە ولە پەیوەندییەکەدا لەگەڵ وەقفی ئیسماعیل بێشکچی، هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ بێشکچی خواست و ئامادەیی هەموو هاوکارییەکی بۆ چارەسەرکردنی دەربڕی.