راوێژکارێکی باڵای وەزارەتی پەروەردە بۆ 964
“دەنگۆی گواستنەوەی فەرمانبەر بە تەنسیب لە وەزارەتی پێشمەرگەوە بۆ پەروەردە راست نییە”
964+
رێباز خدر – هەولێر
راوێژکارێکی باڵای وەزارەتی پەروەردە دەنگۆی دەرچوونی بڕیارێک بۆ گواستنەوەی فەرمانبەرانی سەر بە میلاکی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ سەر میلاکی پەروەردە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، “ئاگام لەو بڕیارە نییە، ئاشکراشی دەکات کە بۆ پڕکردنەوەی کەمیی میلاک، وەزارەتەکەیان لە رێگەی سیستمێکی ئەلیکترۆنییەوە دەستیکردووە بە رێکخستنەوەی مامۆستایان.
بورهان ئەرگۆشی، راوێژکاری باڵای وەزارەتی پەروەردە، بە 964ـی وت، هیچ بڕیارێکی فەرمی لە وەزارەتی پەروەردەوە دەرنەچووە سەبارەت بە گواستنەوەی ئەو فەرمانبەرانەی کە لەسەر میلاکی وەزارەتی پێشمەرگەن و بەشێوەی تەنسیب و دەڵێت، من وەک ئەندامێکی کارای ئەنجومەنی وەزارەت، ئاگاداری بڕیارێکی لەو شێوەیە نیم و ئەوەی بڵاوبووەتەوە ڕراست نییە، هەرچەندە دان بەوەدا دەنێین کە پێویستیمان بە مامۆستا هەیە.”
ئاماژەی بەوەشکرد، کە وەزارەتی پەروەردە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمیی میلاک کە بەهۆی خانەنشینبوونی ژمارەیەکی زۆری مامۆستایانەوە دروست بووە، میلاکاتی خۆی لەسەر بنەمای داتابەیسێکی ئەلیکترۆنیی ورد رێکخستووەتەوە و لە رێگەی ئەو سیستمەوە شوێنی مامۆستای زیاد و کەم دیاریکراوە و بەپێی پێویستی و نزیکیی جوگرافی، مامۆستایان لە قوتابخانەیەکەوە بۆ قوتابخانەیەکی دیکە دەگوازرێنەوە و بەمەش توانراوە بەشێکی زۆری کێشەکە چارەسەر بکرێت.
روونیشیکردەوە، کردنەوەی دەرگای دامەزراندن لە داهاتوودا پەیوەستە بە بوودجە و رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر