لە ترسى بردنیان بۆ شێڵتەر

ئاژەڵدۆستێک؛ باخێکى نهێنى بۆ سەگى بێلانە کڕیوە

964+

دیلان محەمەد – سلێمانی

لە شوێنێکى نهینى و دوورە دەستى شارى سلێمانى، ئاژەڵدۆستێک لەسەر ئەرکى خۆى، باخێکى بۆ سەگە بێلانەکان کڕیوە و خزمەتیان دەکات، ترسیشى هەیە شارەوانى پێى بزانێت و سەگەکان ببەن بۆ شێڵتەر.

جیهان وەسمان کە ئاژەڵدۆستێکى شارى سلێمانییە، دواى ماوەیەک لە داواکردن، رەزامەندیدا پەیامنێرى 964 بچێتە باخى سەگەکان و لەوێ قسەوباسى لەگەڵ بکات لەبارەى ژیانى سەگى بێلانە.

جیهان کە دایکە، بەڵام وەکخۆى دەڵێت،”لەبەرخاترى سەگەکان سلیمانیم بەجێهێشتووە و زۆر جاریش منداڵەکانم گلەیم لێدەکەن کە وەک پێویست بەدەمیانەوە نیم، بەڵام تێدەگەن لە ئەرکەکەم”.

ئەو رەخنەى توند لە شێڵتەرى سەگە بێلانەکان دەگرێت، بە کوشتنگە و زیندان ناویان دەبات، ترسیشى هەیە شارەوانى پێى بزانێت و سەگەکانى ببات بۆ شێڵتەر.

خاتوو جیهان لە باخەکەیدا ژمارەیەک سەگ بەخێو دەکات و زۆرێکیان ئەو سەگانەن کە لە دەرەوە ئازاردراون یان بریندار کراون، بەڵام وەکخۆى باسى دەکات، دڵخۆشە لەگەڵ سەگەکان و لە مرۆڤ زیاتر بڕواو متمانەى پێیانە.

ئەو ئاژەڵدۆستە، ئۆتۆمبێلێکى جۆرى پڕادۆى گرانبەهاى پێیە و رۆژانە دەگەڕێت خواردن و گۆشت بۆ سەگەکان کۆدەکاتەوە پێیان دەدات، پاساویشى بۆ ئەو ئەرکە ئایەتێکى قورئانى پیرۆزە کە دەڵێت،”چاکە بکەیت چاکەت دێتەوە ڕێ و خراپە بکەیت خراپەت دێتەوە رێ”.

پێداچوونەوە؛ وریا فەتاح

"دژی شەڵتەرەکانی سەگین و ئەوانەی بەڕێوەی دەبەن ئەزموونیان نییە"