دەروازەیەکی گومرگی لە هەرێمی کوردستان- وێنە: 964+
داهاتی زیاد کردووە
سیستەمی ئاسیکۆدا لە 21 خاڵی گومرگی جێگیرکراوە
964+
ئەحمەد مستەفا
دەستەی گشتيی گومرگی رایگەیاند، پڕۆژەی ئۆتۆماتیكی گومرگی گەیشتووەتە قۆناغە پێشكەوتووەكان دوای ئەوەی سیستەمی ئاسیكودا لە 21 ناوەندی گومرگی لە كۆی 22 ناوەندی گومرگی پەسەند و جێگیرکراوە.
دەستەكە پشتڕاستی كردەوە كە ئەم هەنگاوە بەشداری كردووە لە ئاسانكاری رەوتی بازرگانی و بەهێزكردنی كۆنترۆڵی دەروازە سنوورییەكان و كەمكردنەوەی گەندەڵی، ئەمە جگە لەوەی بازدانێكی چۆنایەتی لە داهاتەكاندا بەدەستهێناوە.
بەڕێوبەری گشتی دەستەی گومرگی، سامر تائیی لە بەیاننامەیەكدا کە 964 بینوویەتی باسی لەوەکردووە، دەستەكە دەستیكردووە بە ئۆتۆماتیكیكردنی رێكارە گومرگییەكان لە جێبەجێكردنی بەرنامەی حكومەتدا، بە پەسەندكردنی سیستەمی ئاسیكودا، كە بە سێ قۆناغ جێبەجێ دەكرێت.
بە گوێرەی بەیانەکە، دەستەكە گەیشتووەتە 55%ی قۆناغی دووەم، ئەوەش راستەوخۆ رەنگدانەوەی هەبووە لە ئاسانكاریكردنی كاری گومرگی و جێبەجێكردنی كۆنترۆڵی توند بەسەر جووڵەی كاڵاكان، هەروەها لە كۆی 22 بنكەی گومرگی 21 بنكەی گومرگی لەژێر سیستمەكەدا باوەڕپێكراوی تەواویان بۆ كراوە.
هەروەها، هەموو ئەو كارمەندانەی لە بەندەرەكاندا كار دەكەن، خولی راهێنانی تایبەتمەندییان لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق ئەنجامداوە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ سیستەمە نوێیەكە، ئەوەش دوای دڵنیابوون لە سەركەوتنی جێبەجێكردنی پراكتیكی ئۆتۆماتیكی كردن.