"باج و رسومات هۆکارە"
کۆیە بەئاسانی بەنزینی دەستناکەوێ و بێئومێدیش بووە لە 850 دینارییەکە
دەریا ئەحمەد – کۆیە
دوای ئەوەی بەشێکی زۆری بەنزینخانەکانی کۆیە بۆردی نرخەکانی بەنزینیان کوژاندبووەوە یان نوسیبوویان بەنزین نییە، بەڵام ئێستا بۆردەکانیان داگیرساندۆتەوە و ئەو نرخەشی لەسەریان نوسراوە، هەروەک ڕابردوو نرخێکی بەرزە، خاوەن بەنزینخانەیەکیش دەڵێت، “ئێمەش حەزدەکەین نرخی بەنزین دابەزێت بەڵام بەنزینی 850 دیناری بۆ ئێمە بەو نرخە دەریناهێنێ”.
نەسرەدین سەلام خاوەن بەنزینخانەیەکە لە کۆیە و بە 964ـی وت، “بەهۆی کەمی خستنەڕووی بەنزین، هێشتا نرخەکەی هەر بە بەرزی ماوەتەوە و هەر کاتێک دەمانەوێ بەنزین بێنین نرخەکەی زۆرە و ئێمە ناتوانین ئەوەندە لەسەر زیان بڕۆین و بە هەرزان بیفرۆشین”.
وتیشی، ” هەرچەندە تاوەکو ئێستا بەنزینی 850 دیناریمان بۆ دابین نەکراوە، بەڵام بەهۆی بوونی باج و رزوومان لەنێوان هەولێر و کۆیە زۆر گرانتر لەسەر ئێمە دەوەستێت و ناتوانین لە کۆیە بەو نرخە بەنزین بفرۆشینەوە”.
ئاماژەی بەوەشکردووە کە زەحمەتە بەئاسانی بەنزینی 850 دینارییان بۆ دابین بکرێت، بۆیە ناچارن نرخی بەنزین هاوشێوەی پێش بڕیاری حکومەت بۆ هەرزانکردنی، هەر بە گران بفرۆشین.
لە سەنتەری قەزای کۆیە نزیکەی 20 بەنزینخانە هەیە بەڵام لە سەرجەمیان نرخی بەنزینی نۆڕماڵ سەروو هەزار دینارە و بەنزینی موحەسەنیش سەروو هەزار و 300 دینار و سوپەریش سەروو هەزار و 500 دینارە.
پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن