دوکاندارەکان هاواریان لێ هەڵساوە
بازاڕی جلوبه‌رگی قوتابیان سستە و خەڵک پارەی پێ نییە
+964
ده‌شتی عارف
ساڵی نوێی خوێندن نزیكه و فرۆشیارانی جلوبه‌رگیش دوكانه‌كانیان پڕ كردووه له جل و جانتایی قوتابخانه، به‌ڵام بازاڕیان سستە و موشته‌رییان كه‌مه، ئهوانەشی دێن به دوای جلی هه‌رزانه‌وه‌ن.
عه‌بدوڵا ئه‌حمه‌د، دوكاندارێكی بازاڕی داونتاونه، بۆ 964 وتی، “ئه‌مساڵ بازاڕمان زۆر خراپه و هاوڵاتیان زۆر به كه‌می بۆ كڕینی جلوبه‌رگی قوتابیان سه‌ردانی بازاڕ ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌شی دێت به‌دوای جلی هه‌رزاندا ده‌گه‌رێت، له جله ههرزانهكهش هێشتا مامه‌ڵه ده‌كەن و ده‌یانه‌وێت به هه‌رزانتر بیكڕن”.
وتیشی، “پارساڵ له كاتی كردنه‌وه‌ی ده‌رگای قوتابخانه‌كاندا، بازاڕمان زۆر باشتر بوو، به‌ڵام ئه‌مساڵ به جارێك وه‌ستاوه، له زۆربه‌ی دوكانه‌كانی ئه‌م بازاڕه جلی لێ نییه له 10 هه‌زار دینار گرانتر بێت، ئینجا بازاڕه‌كه ئاوا چۆڵ و هۆڵه”.
بڕیاره 21ـی ئه‌م مانگه ده‌رگایی قوتابخانه‌كان له هه‌رێمی كوردستان بكرێته‌وه و وه‌رزی خوێندنی 2025 – 2026 ده‌ستپێده‌كات، لە کاتێکیشدایە دوو مانگە موچەی فەرمانبەران و موچەخۆران دابەش نەکراوە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا