15 دانە

ئەو ماتۆڕانەى لە چۆمان خەڵکیان بێزار دەکرد دەستیان بەسەرداگیرا

ئاکام غەفور-سۆران

ماوەیەک بوو خەڵکی چۆمان بێزار بوبوون بە دەنگی بەرزی ماتۆڕسکیلەکان، بەشێک لە ماتۆڕەکان ئەگزۆزەکەیان دڕاندبوو خەڵکیان هەراسان دەکرد، هەربۆیە پۆلیس چۆمان قۆڵی لێ هەڵماڵین و دەست بەسەری کردن.

شەماڵ دێوار، وتەبێژی پۆلیسی سۆران، بە 964ـی وت،”لە لایەن پۆلیسی قەزای چۆمان نزیکەی 15 ماتۆڕسکیل دەستی بەسەردا گیرا کە بە دەنگی بەرز خەڵکیان بێزار دەکرد”.

وتیشی، “ئەو ماتۆڕانەی دەستیان بەسەرداگیراوە هەموویان ئەگزۆزەکەیان لێ کراوەتەوە، کە ئەمە هۆکارە بۆ ئەوەی دەنگی ماتۆڕەکە بەرزتر بێت، شۆفێری ماتۆڕسکیلەکان بانگ دەکرێن هەر کەسێک بەڵێننامە پڕ بکاتەوە کە ئەگزۆزەکە چاک بکات و کاری لەم شێوەیە دوبارە نەکاتەوە، ئەوە ماتۆڕەکەی دەدەنەوە، ئەوانەشی چاکی نەکەن یان دوبارەی بکەنەوە ماتۆڕەکەیان نادرێتەوە و خاوەنەکەشی دەدرێتە دادگا”.

پۆلیسی سۆران لە رێگای 964 هۆشداری دەداتە شۆفێری ماتۆڕسکیلەکان، کە پابەندی رێنمایەکان بن ئەگەرنا رووبەرووی یاسا دەکرێنەوە لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.

پێداچوونەوە؛ وریا فەتاح