تکا لە کۆچبەران دەکرێ

بێ ئامانی ئاو بەس نەبوو تەقەشی هاتەسەر

964+
ئەحمەد مستەفا

نیگەرانی لە دۆخی دەریا و بێ ئامانی ئاو کەم نەبووە، تەقەکردنیشی هاتە سەر، نوێنەری کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان لە هەرێمی کوردستان دەڵێ، لە وڵاتانی باکووری ئەفریقا و لوبنان تەقە لە کۆچبەران کراوە.

تەنیا لەیەک هەفتەی رابردوو، 37 کۆچبەر کوژراون یان گیانیان لەدەستداوە لە دەریادا.

پێشڕەو عەبدوڵا، نوێنەرەکەیە ئەو بە 964ی وت، دەمەوێ لە هەر چوار پارچەی کوردستان دەنگم ببیستن، وەکو کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی کوردستان لە ئەوروپا هۆشداری دەدەم بە هەموو لایەک کە چیتر رێگا ئاوییەکان تاقی مەکەنەوە لە بەر ئەوەی زۆر زۆر خەتەرناکن.

ئەو دەڵێ، تەنیا دوێنێ یەکشەممە 7.9.2025، لە 17 حاڵەتی جیاواز ئاگادار کراوەتەوە، لە ئێستادا رێگا ئاوییەکان رێگای مەرگن و لەلایەن دەسەڵاتدارانی وڵاتانی باکووری ئەفریقا و لوبنان چەند وڵاتێکی تر تەقە لە کۆچبەران دەکرێت و لە ماوەی یەک هەفتەدا 37 کۆچبەر کوژراون یان گیانیان دەستداوە.

کۆمەڵەکە داوای دان بەخۆداگرتن لە گەنجان و ئەو کەسانە دەکات رێگای ئاوی بۆ گەشتن بە ئەوروپا تاقی ئەکەنەوە و دەڵێت، هەوڵی ئەوە مەدەن رێگا ئاوی و وشکانییەکان تاقی بکەنەوە، بۆ ئەم ئەوروپایەی ئێستا کە رووبەڕوی دەیان قەیرانی ناوخۆیی بووەتەوە.

قسەکانی ئەو نوێنەرەی پەنابەران لە کاتێکدایە، کەشوهەوا تاڕادەیەک جێگیرە، بەڵام شەپۆلی دەریا ئامان و زەمانی نییە تا کۆتایی مانگی ئاب، کۆچبەرەکان هەوڵی تەواو دەدەن بۆ گەشتن بە سنووری جوگرافی یەکێتی ئەوروپا.

بەپێی بەدواداچوونەکانی دەزگای لوتکە لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2025، رێژەی کۆچکردن بۆ کەناراوەکانی باشووری کریت بە ڕێژەی 350% زیادیکردووە.

دەریای ناوەڕاست بە یەکێک لە مەترسیدارترین رێگاکانی کۆچکردن دادەنرێت لە جیهاندا، لە ساڵی 2024، 672 کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە و هەزار و 15 کۆچبەری دیکەش بێسەروشوێن بوون، لە ساڵی 2023، 962 کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە و هەزار و 539 کۆچبەریش بێسەروشوێن بوون.

هەر کۆچبەریک بچێتە یۆنان دوو بۆ پێنج ساڵ بەند دەکرێ

هەر کۆچبەریک بچێتە یۆنان دوو بۆ پێنج ساڵ بەند دەکرێ