دوو کەسی دیکە رزگار کران
گەشتیارێک لەناو رووباری خەلان خنکا
ئاکام غەفور – سۆران
سێ گەشتیاری بە نەتەوە عەرەب کەوتنەناو رووباری خەلان – بیاو لە سنووری قەزای خەلیفان، یەکێکیان خنکا و دووانەکەی دیکە رزگار کران.
رەوەند هاودیانی، وتەبێژی بەرگری شارستانی سۆران، بە 964ـی وت،”ئەو کەسەی کە خنکاوە، گەنجێکە و تەمەنی نزیکەی 18 ساڵە، لە دوای خنکانی هەر زوو تەرمەکەی دۆزراوەتەوە و بەڕێکراوە بۆ نەخۆشخانەی خەلیفان”.
لەوبارەیەشەوە کاروان سرێشمەیی، بەڕێوەبەری کارگێڕی نەخۆشخانەی خەلیفان، بۆ 964 وتی، “سێ کەس گەیەنراونەتە نەخۆشخانەکەمان کە کەوتبوونە ناو ئاو، دوو کەسیان رزگار کرابوون و تەندروستیان باشە، بەڵام یەکێکیان گیانی لەدەستدابوو، ئێستا تەرمەکەی بەڕێدەکەین بۆ پزیشکی دادی سۆران”.
لەم هاوینەدا 10حاڵەتی خنکان لە چەم و رووبارەکانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران روویاندوە و هەر لەم دوو رۆژەی دواییدا ئەمە دووەم کەسە لەو سنوورە خنکاوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری