دیمەنێك لە جەنگی دووەمی جیهانی
بەرفراوانترین جەنگە لە مێژوودا
ئەو جەنگە جیهانییەی زیاتر لە 30 وڵات تێوەی گلا
964+
محەمەد فاتیح
جەنگێك، زیاتر لە 100 ملیۆن كەس و زیاتر لە 30 وڵات بەشداری تێیدا كردووە و نزیكەی 85 ملیۆن كەس تێیدا كوژران، كە زۆربەیان خەڵكی مەدەنین و بەدەیان ملیۆن كەس بەهۆی كۆمەڵكوژیی و برسێتیی و نەخۆشیی و قەسابخانەكانەوە مردن و بە خوێناویترین جەنگ لە مێژووی مرۆڤایەتییدا ناسراوە.
جەنگی دووەمی جیهانی، جەنگێكی نێودەوڵەتی، لە یەكی سپتەمبەری ساڵی 1939 لە ئەوروپا دەستیپێكردووە و لە دووی سپتەمبەری ساڵی 1945 كۆتایی هاتووە و فڕۆكەكان رۆڵێكی سەرەكییان بینی و دوو بۆمبی ئەتۆمی تێیدا بەكارهێنران لە هیرۆشیما و ناکازاكی و كۆمەڵكوژی هۆلۆكۆستیشی بەخۆوە بینی.
سەرەتای جەنگی دووەمی جیهانی دەگەڕێتەوە بۆ یەكەمی سپتەمبەری ساڵی 1939، كاتێك ئەڵمانیا پۆڵەندای داگیركرد و فەرەنسا و شانشینی یەكگرتوو جەنگیان دژ بە ئەڵمانیا راگەیاند و ئەڵمانیا لە 1939 تاكو 1941 دەستیگرتبوو بەسەر رووبەرێكی بەرفراوانی كیشوەری ئەوروپادا.
جەنگی دووەمی جیهانی، نەخشەی سیاسی و سەربازی و کۆمەڵایەتی جیھانی گۆڕی و بووە ھۆی دروستکردنی نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆ پتەوكردنی ھاوکارییە نێودەوڵەتییەکان و رێگریکردن لە ململانێکانی داھاتوو.
ترەمپ: ئێستا جیهان بەرەو جەنگی سێیەمی جیهانی هەنگاو نانێت
وڵاتانی سەرکەوتوو لە شەڕەکەدا، ئەمریکا و یەکێتی سۆڤیەت و چین و بەریتانیا و فەرەنسا، بوون به ئەندامی ھەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمریکا و یەکێتی سۆڤیەت وەک زلھێزی گەورە لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا دەركەوتن و کاریگەریی زلھێزەکانی ئەورووپا سنووردار كرا، ئەمەش رێگا خۆشكەر بوو بۆ جەنگی سارد، کە بۆ ماوەی 46 ساڵی داھاتوو بەردەوام بوو.
کاریگەریی وڵاتە گەورەکانی ئەورووپا کەم بووەوە، بەو پێیەی بزووتنەوەکانی سەربەخۆیی لە ئاسیا و ئەفریقا دەستیان پێکرد و ئەو وڵاتانەی کە پیشەسازییەکانیان زیانیان بەرکەوتبوو، ھەنگاویان نا بۆ باشترکردنی دۆخی ئابوورییان، لەکاتێکدا لەسەر ئاستی سیاسی، بە تایبەتی لە ئەوروپا، قۆناغێکی یەکگرتن دەستیپێکرد بۆ دوورکەوتنەوە لەو دوژمنایەتیانەی کە دەبنە ھۆی شەڕ، تاكو ئەوروپییەكان یەك ناسنامەی هاوبەشیان هەبێت.
زۆرینە پێیان وایە جەنگەكە بە ئاگربەستی 14ـی ئابی 1945 کۆتایی هاتووە، کە رۆژی سەرکەوتنە بەسەر ژاپۆن، نەک ئەو رۆژەی ژاپۆن تەسلیمبوونی خۆی راگەیاندووە (2ـی سپتەمبەری ١٩٤٥).
لە ساڵی 1951، پەیماننامەی ئاشتی لەگەڵ ژاپۆن واژۆ کرا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر هەموو ئەو وردەکارییەکانی ماوەتەوە، وەک پێدانی قەرەبوو، بەو زیندانیانەی رووبەڕووی دەستدرێژی بووەنەوە، بەڵام دوا سەربازی ژاپۆنی بە ناوی ھیرۆ ئۆنۆدا، تا ساڵی 1974 خۆی رادەست نەکرد، پاشان پەیمانی ئاشتی بۆ بەرقەراربوونی کۆتایی ئەڵمانیا بەسترا، كە رێگا خۆشكەر بوو، بۆ یەکگرتنەوەی ئەڵمانیا لە ساڵی 1990، بەمەش ھەموو ئەو کێشانە چارەسەرکران، کە لە دوای جەنگی جیھانیی دووەمەوە سەریان ھەڵدابوو.