ئەمەریکا جینۆسایدی جووەکان بەوەی کورد دەچووێنێت

+964

فەرمان سادق

لە ساڵڕۆژی جینۆسایدی جووەکان، کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان دەڵێ: یادی ئەو کارەساتە کە دەکەینەوە دەبێ رێگر بین لە دووبارەبوونەوەی وەک ئەوەی بەسەر کورد هێنرا.

دوێنێ هەینی 27ـی کانونی دووەم، ساڵرۆژی جینۆسایدی جووەکان بوو کە لە جەنگی دووەمی جیهانی لەلایەن نازیەکانی ئەڵمانیاوە بەرامبەریان کرا.

کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر، لە پەیجی سەرەکی خۆیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک پۆستێکی کردووە و دەڵێ: ئەمڕۆ ساڵڕۆژی نێودەوڵەتیی یادکردنەوەی قوربانیانی هۆڵۆکۆستە، جیهان لەم رۆژەدا دەست لەسەر دڵ یادی ملیۆنان لە خەڵکی رۆما و جووەکان و خاوەنپێداویستانی تایبەتی و هەموو ئەوانەی تریش دەکەنەوە کە لە هۆڵۆکۆستدا لە لایەن نازیەکان و هاوکارەکانیانەوە کوژران.

“یادی ئەم کارەساتە و ئەوانی تری مێژووش وەک هەڵمەتی بەدناوی ئەنفال دژی کورد و جینۆسایدی داعش دژی ئێزیدیان بۆ ئەوەیە یارمەتیدەر بین لە رێگریکردن لەوەی هەرگیز دووبارە نەبنەوە”.

جینۆسایدی جووەکان لە جەنگی دووەمی جیهانی لەنێوان ساڵانی 1940 بۆ 1944 لەلایەن نازیەکانی ئەڵمانیا ئەنجامدرا.