"نازانرێ بۆ لەوێ بووە"
لە شوقەیەکی زاخۆ دەست بەسەر دوو تۆن و نیو دەرماندا گیرا
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
پێش دوو رۆژ، لیژنەکانی قایمقامیەتی زاخۆ توانیان لەنهۆمی دووەمی شوقەیەک لە زاخۆ، دەستبەسەر دوو تۆن و 500 کیلۆگرام دەرمانی ماوەبەسەرچوو و ساختەدا بگرن، کە کەسێک شاردبوویەوە بەبێ ئەوەی هۆکارەکەی بزانڕێت.
لیژنەکە دوای ئەوەی، دەستیبەسەردا گرت، ئەمرۆ 31.8.2025 بەشۆفڵ هەموویان لەناوبرد.
رێژەی زۆری دەرمانەکان ماوەیان بەسەرچوو بوو، لەناویشیاندا برێک هەبوو بەقاچاخ لە تورکیاوە هێنرابوون، کە سەرجەم کەلوپەلەکان بابەت و دەرمانی تەندروستی بوون.
وەڵات هەجەر، سەرۆکی لیژنەی چاودێری بازاڕ لە قایمقامیەتی زاخۆ بە 964 وت، خاوەنەکەی سزای مادی و یاسایی دەدرێت، وە بەدوایدا دەچین هۆکاری شاردنەوەی ئەم بڕە زۆری دەرمانە لەناو شوقەیەکدا چی بووە.
وەڵات وتی، بابەتی دەرمان و کەرەستەی تەندروستی ئەوەندە ئاسان نیە لێخوشبوون یان چاوپۆشی لێبکرێت، ئەمە پەیوەستە بەتەندروستی خەڵکەوە، بۆیە رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەم کەسە و هەرکەس و لایەنێکی تر دەگرینەبەر، کە کاری ساختەکاریی ئەنجامدەدەن
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا