کێ و کێ لەژوورەکە بوون

40 خولەک لەگەڵ لاهور شێخ جەنگى

964+

وریا فەتاح

بۆماوەى 40 خولەک، تیمێکى دوو کەسى لە دەستەى مافى مرۆڤ، لە زیندانى کانى گۆمە لەگەڵ لاهور جەنگى کۆبوونەتەوە، بەرپرسى زیندانەکەش لەگەڵیان بووە.

سلێمان سندى، وتەبێژ و بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى راگەیاندن و پەیوەندییەکانى دەستەى مافى مرۆڤ کە لەگەڵ راوێژکارێکى دەستەکە سەردانى لاهور شێخ جەنگیان کردووە، وردەکارى دیدارەکەى بۆ 964 خستەڕوو و وتى،” لە ژوورێکى تایبەت لە زیندانەکە کە ژوورى مانەوەى لاهور جەنگى بووە، لەگەڵى کۆبووینەتەوە و 40 خولەک لاى بوین”.

964 لێى پرسى لە ژوورەکەدا کە چاوتان بە لاهور جەنگى کەوتووە چەند کەس ئامادەبوون، سلێمانى سندى وتى،”من و راوێژکارێکى دەستەکە و لاهور جەنگى و بەرپرسى زیندانەکە، بەڵام پێم وتووە بەلاتەوە ئاساییە بەرپرسى زیندانەکە لە ژوورەوە بێت؟، لاهور جەنگى وتویەتى کێشەم نییە”.

وەک باسى دەکات، هیچ شوێنەوارێکى ئەشکەنجە بەڕووخسارییەوە نەبووە، خۆیشى وتویەتى لە زیندانى ئاسایش مامەڵەى باشى لەگەڵ کراوە و هیچ ئەشکەنجەیەک نەدراوە.

“بۆمن تەنیا ئەو خەڵکەى کوژراوە جێگەى نیگەرانییە و نائاسودەیى کردووم”، ئەوە وەڵامى.

دواى دەستگیرکردنىن لاهور شیخ جەنگى براوە بۆ دەباشان؟.
سلێمان سندى لە وڵامى ئەو پرسیارەدا وتوتى،”لاهور جەنگى باسى ئەوەى نەکردووە”.

ئەى چاوى بە بافڵ تاڵەبانى کەوتووە؟، ئەمەر پرسیارێکى تر بوو، وڵامى سلێمان سندیش ئەوەبوو،”باسى ئەوەشى نەکردووە”.

هەر ئەمڕۆ، دەستەى مافى مرۆڤ لەسەر ئەو بابەتە راگەیەندراوێکى بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە، تەندروستی باشە و لەژورێکی تایبەت دانراوەو تەواوی پێداویستیەکانی بۆ دابین کراوە، هەروەها بەڤیدیو لەگەڵ خێزانەکەی قسەی کردووە و داوای پەرتوکی کردبوو.

” لەئاسایش کومەڵێک پەرتووکیان بۆ هێناوە، لاهور شێخ جەنگى وتوشیەتى لەوکاتەی کەهاتووە بۆ زیندانی ئاسایش لەکانی گۆمە، رووبەڕووی هیچ توندوتیژی و ئەشکەنجەیەک نەبۆتەوە”، دەستەکە وا دەڵێت.

بەپێى راگەیەندراوەکە، لاهور شیخ جەنگى داواى کردووە کە دۆسیەکەی بەڕێکاری یاسایی بروات و دەستەش چاودێری بکات.

لەسەر رووداوەکانى ئەو رۆژە، لاهور جەنگى بە شاندەکەى وتووە کە زووتر نوێنەرى وڵاتانى ئەمریکا و بەریتانیا و فەرەنسا و حکومەتى هەرێمى لێ ئاگادار کردووەتەوە کە ئەو رووداوانە روودەدەن.

دەستەی مافی مرۆڤ ئاماژەیان بەوەدا مافی ناوبراوە رێگە بە پارێزەرەکانی بدرێ سەردانی بکەن و بڕیارە لەماوەیەکی نزیکدا ئەو پرسەش چارەسەر بکرێ و رێگە بدرێ بە سەردانی پارێزەرەکان.

لەبارەى دانپێدانانى بەزۆرەوە، دەستەکە ئاشکراى کردووە کە لەکاتى لێکۆڵینەوەکان هیچ توندوتیژیەکی بەرامبەر نەکراوەو هیچ دانپێدانێکی بەزۆری لێی وەرنەگیراوە.

لەوەڵامی پرسیاری تیمی دەستە سەبارەت بە ڤیدیۆکردن لەکاتی لێکوڵینەوە، لاهور شێخ جەنگى وتویەتى،”هیچ کامێرا و ئامێری تۆمارکردن نەبووە لەکاتی لێکوڵینەوە”.

بەپێى راگەیەنراوەکە، تیمى دەستەى مافى مرۆڤ هەر ئەمڕۆ، چاویان بەبەشێک لەدەستگیراوەکان کەوت کە وەک ئەندامی هێزەکەی لاهور شێخ جەنگى ناسراون و بەپێی بەدوا داچونی شاندەکەی دەستە ژمارەیان 162 کەسن.

لەبارەى ژمارەى کوژراوانەوە، دەستەکە ئاشکراى کردووە کە ئاسایش پێى وتوون کە ژمارەى کوژراوانى هەردوولا پێنج کەسن.

لەبارەى ئەو کەسانەى بێ سۆراغ و نادیارن، دەستەى مافى مرۆڤ ئاشکراى دەکات، کەسوکاریان دەتوانن سەردانى نوسینگەى سلێمانى مافى مرۆڤ بکەن و سۆراغى کەسەکانیان بکەن.

دەستەى مافى مرۆڤ؛ هیچ دان پێدانێکی بەزۆر لە لاهور جەنگ...

دەستەى مافى مرۆڤ؛ هیچ دان پێدانێکی بەزۆر لە لاهور جەنگى وەرنەگیراوە