بچن پارەکانتان وەربگرنەوە

نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەی شارەزوور کرا بە خۆڕایی

964+

بڕوا مەجید – شارەزوور

مانگێک پێش ئێستا، نەخۆشخانەی گشتی شەهید رەئوف بەگ لە شارەزوور سیستەمی نیمچە تایبەتیان بۆ نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەکە دانا، بۆ هەر نەشتەرگەریەک بڕە پارەیەکی لە هاوڵاتیان وەردەگیرا، دواتر ناڕەزایەتی هاوڵاتیانی قەزاکەی لێکەوتەوە و نەخۆشخانەکە بڕیاریدا سیستەمەکە رابگرێت.

د. شڤان کوردە، بەڕێوبەری نەخۆشخانەی گشتی شەهید رەئوف بەگ، بۆ 964 وتی، ” لە ماوەی رابردوودا  سیستەمی نیمچە تایبەت لەبەر بەرژەوەندی هاوڵاتیانی شارەزوور لە نەخۆشخانەکەمان دانرا، بۆ ئەوەی زۆرترین نەشتەرگەری لە شارەزوور ئەنجام بدرێت، بەڵام لەبەر داوای خەڵکی شارەزوور سیستەمەکە رادەگرین، لەمەودوا سیستەمی نیمچە تایبەت بۆ نەشتەرگەریەکان جێبەجێ ناکرێت و هیچ بڕە پارەیەک لە هاوڵاتیان وەرناگیرێت و ئەوانەشی پارەیان لێوەرگیراوە پێیاندەدرێتەوە.”

د. شڤان کوردە، وتیشی، نەشتەرگەری منداڵبون لە دەروەی شارەزوور زیاتر لە ملیۆنێک دیناری تێدەچێت، بەڵام هاوڵاتیان پێیان زۆرە بە نیمچە تایبەت  لە شارەزوور بە 300 هەزار  نەشتەرگەریەکە بکات، لە کاتێکدا ئەم بڕە پارە بۆ خزمەتی نەخۆشخانە بەکار دەهاتەوە و هۆکارێکی باشبوو بۆ زیاتر بەرەوپێشچونی نەخۆشخانەکە و بەڕێوەچوونی نەشتەرگەری زیاتر.

“بۆ راگرتنی سیستەمەکە گوێمان لە هەموولایەک گرتوە، بەڵام بەویژدانی خۆم رامگرتوە و نامەوێ کەس بیکاتە دەستە گوڵی خۆی، من وەک خۆم زانیومە سیستەمەکە باشە و خەڵک لێی تێناگات بڕیارمداوە سیتەمەکە رابگرم”، شڤان کوردە وای وت.

ئەمە لەکاتێکدایە نزیکەی دووهەفتەیە بەهۆی بایکۆتی پزیشکانی نیشتەجێی خولاو، تەنها بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکە دەوام دەکەن.

پێداچوونەوە:هاوبەش

تادێت ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی خواردنەوە لە دهۆک ژەهرا...

تادێت ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی خواردنەوە لە دهۆک ژەهراوی بوون بەرزتر دەبێتەوە