بۆ ئاشتی و برایەتی و پێکەوەژیان
ئەستێرەكانی كوردستان و عێراق لە هەولێر یارییان كرد
964+
دەشتی عارف – هەولێر
یاریگەی یانەی هندرێن لە هەولێر، یارییەكی دۆستانەی نێوان ئەستێرەكانی پێشووی تۆپی پێی كوردستان و عێراقی لەخۆگرت، كە بۆ ئاشتی و پێكەوەژیان یارییان كرد و پەیامی خۆشەویستی نێوان نەتەوەكانی عێراقیان راگەیاند.
یارییەكە ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 21.8.2025 ئەنجامدرا، كە ناونیشانی ئاشتی و برایەتی و پێكەوەژیانی هەڵگرتبوو، كۆمەڵێك لە ئەستێرە و یاریزانە ناودارەكانی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق و هەڵبژاردەی كوردستان بەشدارییان كرد و ژمارەیەكی بەرچاوی هاندەرانیش ئامادەی بوون.
دیدار حامید گۆڵپارێزی پێشووی هەڵبژاردەكانی كوردستان و عێراق، كە بەشداریی یارییەكەی كرد، بە 964ی راگەیاند، هەولێر هەموو كات شاری پێكەوەژیان و برایەتییە و خۆشحاڵە لەگەڵ نەوەیەك یاریی دەكات، كە پێشتر لە هەڵبژاردەكانی عێراق و یانەكان بەیەكەوە یارییان كردووە.
هەروەها بارزان شێرزاد یاریزانی تۆپی پێی شاری هەولێر بە 964ی وت، ئەو جۆرە یارییانە پێویستن و كەشێكی خۆش دروست دەكات، جگە لەوە پەیوەندییەكانیش بەهێز دەكات.
یەكەمجار نییە ئەستێرەكانی كوردستان و عێراق پێكەوە لە كوردستان یاریی بكەن، پێشتریش لە چەند بۆنەیەكی دیكە یارییان كردووە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا