پیاسەکردن لە دەوروبەری قەڵای هەولێر خۆش دەکرێت
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
شەقام و بازاڕەكانی دەوروبەری قەڵای هەولێر رێکدەخرێنەوە، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم دەڵێت بەمە جەنجاڵی شەقامەكان کەمدەکەنەوە و برەو بە جوانی سیمای شارستانی قەڵای شارەکە دەدەن.
بۆ جێبەجێکردنی ئەو پرۆژەیە، ئەمڕۆ چوارشەممە، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و سەرباز نەجیب راوێژكاری سەرۆكی حكومەت کۆبووەوە و بڕیاریانداوە لە ماوەی هەفتەیەکدا دەست بە جێبەجێکردنی بکرێت.
پیاسەکردن لە دەوروبەری قەڵای هەولێر خۆش دەبێت
بەپێی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، هەندێك لە شەقامەكانی دەوروبەری قەڵا، دەبنە شەقامی پیادە و ئۆتۆمبێل پێیاندا ناڕوات، بەمەش پیاسەکردن لە دەوروبەری قەڵای هەولێر خۆش دەبێت.
بایەخێكی زۆرتریش بە لایەنی ژینگەپارێزی و پاكوخاوێنی دەدرێت
“دوكانەكانی موڵكی شارەوانی، جارێكی تر رێكدەخرێنەوە كە سیمایەكی شارستانی بدات و بایەخێكی زۆرتریش بە لایەنی ژینگەپارێزی و پاكوخاوێنی دەدرێت و رەچاوی باری تەندروستیی هەموو تەمەن و توێژە جیاوازەكان دەكرێت،” وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار وا دەڵێت.
بڕیار دراوە لە ماوەی هەفتەیەكدا هەموو تێبینییەكان ئامادە بكرێن و هەموو لایەنەكانی پەیوەست بەم رێكخستنەوەیە واژۆی لەسەر بكەن و بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.