ئێستا لە قۆناغی جێبەجێکردندایە
بۆیەکەمجارە هێڵی کارەبا دەگەیندرێتە چەند ناوچەیەکی سنووری ناحیەی شێلادزێ
هیڤی دێوالی – دهۆک
بۆ یەکەمجارە هێڵی کارەبا دەگەیندرێتە دەڤەری نێروە و رێکان و دوسکی ژوورو لەسنووری ناحیەی شێلادزێ، بەڕێوەبەری کارەبای قەزای ئامێدیش دەڵێت، ئێستا پرۆژەکە لەقوناغی جێبەجێکردندایە.
پرۆژەکە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە جێبەجێ دەکرێت و بودجەی تەرخانکراو بۆی ملیارێک و 500 ملیۆن دینارە.
ئەمرۆ سێشەممە 19.8.2025 ئارام جەلال، بەڕێوەبەری کارەبای قەزای ئامێدی بە 964ـی وت، بۆ یەکەمجارە لە ویستگەی کارەبای کومەڵگەی سیری هێڵی کارەبا بە درێژایی 17 کیلۆمەتر دەگەیندرێتە گەلیی بالندا و ئاوی مارک تاکۆ پردی سیدان لە دەڤەری نێروە و رێکان و دوسکی ژوورو.
وتیشی، پرۆژەکە ماوەیەک کارەکانی راگیرا بوو، بەهۆی کارکردن لە رێگەوبانی ناوچەکەدا، بەڵام ئێستا دەست بە کارەکانی کراوەتەوە و 180 رۆژی بۆ تەرخان کراوە.
دەڤەری نێروە و رێکان و دووسکی ژوورو دەکەوێتە سنووری ناحیەی شێلادزێ لە قەزای ئامێدی، نزیکەی 100 گوند لەو دەڤەرانە هەن، بەڵام بەهۆی ناسەقامگیری ناوچەکە چەندین ساڵە چوڵکراون و رێگاکانیش بۆ ماوەی چەندین ساڵە داخرا بوون.
سەرچاوەیەکی فەرمی لە سنووری قەزاکەدا بە 964ـی وت، “دوای پرۆسەی ئاشتی و دانانی چەک لەلایەن پەکەکە، ناوچەکە سەقامگیر و ئارامە و دوای تەواو بوونی رێگەوبانی دەڤەری نێروە و رێکان و دووسکی ژوورو، کە بەدرێژایی زیاتر لە 14کیلۆمەتر نۆژەن و قیرتاو دەکرێت بە تێچووی 19 ملیار دینار و 80%ی کارەکانی تەواو بووە، وبەم زوانە رێگەکە بە رووی هاوڵاتیاندا دەکرێتەوە و دەتوانن دوای چەندین ساڵ سەردانی گوندەکانی خۆیان بکەنەوە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی