یانەی زاخۆ گرێبەستی ئەمجەد عەتوان نوێ دەكاتەوە
"لەگەڵ ئۆدیشۆ رێكنەكەوتن"
ئەمڕۆ یانەی زاخۆ گرێبەستی ئەمجەد عەتوان نوێ دەكاتەوە
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
یانەی زاخۆ رایگەیاند، گرێبەستی ئەستێرەی یانەكەیان ئەمجەد عەتوان نوێدەكەنەوە، لەگەڵ راهێنەر ئەیوب ئۆدیشۆش بۆ وەرگرتنی مەشقی یانەكە رێكنەكەوتن.
دوای کوتاییهاتنی وەرزی 2024 – 2025 لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، داواکاری زۆر لەسەر ناوەراستکاری یانەی زاخۆ ئەمجەد عەتوانەوە لەلایەن یانەکانی عێراقەوە هەبوو، بە تایبەت یانەی تەڵەبە هەوڵێکی زۆری دا، بەڵام دواجار یانەی زاخۆ گرێبەستی یاریزانەكە نوێ دەكەنەوە و بڕیارە ئەمڕۆ رابگەیەندرێت.
هشیار شەهباز، سکرتێری یانەی زاخۆ بە 964 وت، هەموو ئەو دەنگۆیانەی لەبارەی رۆیشتنی ئەمجەد لە زاخۆ رەتدەکەینەوە و ئەمڕۆ گرێبەستەکەی نوێ دەکەینەوە.
سەبارەت بە وەرگرتنی مەشقی راهێنانەکانی زاخۆ لە لایەن راهێنەرێكی نوێوە، هشیار وتی، لەگەڵ ئەیوب ئودیشۆ نەگەیشتنە رێکكەوتن و ئێستا لەگەڵ پێنج راهێنەری دیكە لە گفتوگۆدان، کە دووانیان بیانیین و لە داهاتوویەكی نزیكدا ئەم بابەتەش یەكلادەبێتەوە.
ئەمجەد عەتوان گرانترین یاریزانی یانەی زاخۆ بووە لە دوو وەرزی رابردوو لە رووی گرێبەستی موچەوە، كە وەرزی یەكەم 650 ملیۆن دیناری پێدرا، بەڵام دیار نییە ئەم وەرزە لەسەر چەند پارە پێكهاتوون.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا