نزیکەی 10 تیم خەریکی کوژاندنەوەن

سێ رۆژە ئاگری گوندەکانی دەڤەری مزوریان بەردەوامە

964+

هیڤی دێوالی-دهۆک

ماوەی سێ رۆژە دەوروبەری حەوت گوندی دەڤەری مزوریان لە سنووری ناحیەی زاویتە و ئەتروش ئاگری گرتووە .و وتەبێژی بەرگری شارستانی پارێزگای دهۆکیش دەڵێت، تائێستا ئاگرەکە کونترۆڵنەکراوە

ئاگرەکە لە ئێوارەی رۆژی چوارشەممەوە کەوتووەتەوە، تا ئەمڕۆ بەردەوامە لە سوتاندنی پۆش و پاوان و داری سروشتی و بەشێکی رەزەکانی هاوڵاتیانی گوندەکانی “بێنارینکێ و دێرئالۆش و چەڤریکێ و پێدە و میسکێ و سەر میسکێ و بیدول” لە سنووری ناحیەکانی زاویتە و ئەتروش و لە ئێستادا چەند تیمێک سەرقاڵی کونتڕۆڵکردنی ئاگرەکەن.

ئەمڕۆ شەممە2025.8.2، بێوار عەبدولعەزیز وتەبێژی بەرگری شارستانی پارێزگای دهۆک بە 964ـی وت، تیمەکانی بەرگری شارستانی ناحیەی زاویتە و دهۆک بەهەماهەنگی نزیکەی 10 تیم خەریکی کوژاندنەوەی ئاگرەکەن.

“تائێستا نازانرێت بە دروستی چەند دۆنم سووتاوە، بەڵام دەتوانین بڵێین و پێشبینی دەکەین زۆر زیاتر لە 500 دۆنم سووتا بێت،” بێوار عەبدولعەزیز وای وت.

رەمەزان سیاری، بەرپرسی مەفرەزەکانی هێزی دهۆک بۆ پاراستنی ژینگە بە 964ـی وت، ئاگرەکە لەئێستادا کەوتووتەوە نێوان ناحیەکانی زاویتە و ئەتروش، بەهۆی رەشەباوە ئاگرەکە زیاتر دەبێت و کۆژاندنەوەی بەزەحمەتە.

وتیشی، بەردەوام پێشمەرگەی ژینگە سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەن و زیانێکی زۆری بە داری بەتەمەنی ناوچەکە گەیاندووە.

دەڤەری مزوریان دەکەوێتە نێوان سنووری ناحیەی زاویتە و ناحیەی ئەتروش لە پاڕێزگای دهۆک.

پێداچوونەوە: هاوبەش

کێشەیەکى کۆمەڵایەتى بووە؛ ئاگرەکەی قەرەداغ کۆنتڕۆڵ کر...

کێشەیەکى کۆمەڵایەتى بووە؛ ئاگرەکەی قەرەداغ کۆنتڕۆڵ کرا