کۆبوونەوەی شاندی پارێزگای ورمێ لە ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر – وێنە؛ پارێزگای هەولێر
لە کۆبوونەوەیەکدا باسیان لەبارەوە کردووە
هەولێر و ورمێ دەیانەوێ نوێنەرایەتی لە ژوورە بازرگانییەکانیان بکەنەوە
964+
شۆڕش قادری
چەند رۆژێکی شاندێکی پارێزگای ورمێ لە هەولێرە و چەندین کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم ئەنجامداوە، لە دوایین کۆبوونەویەندا بڕیاریانداوە بەمزووانە نوێنەرایەتی لە ژوورە بازرگانییەکانیان بکەنەوە.
شەوی رابردوو لە ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر کۆبوونەوەیەکی گەورە بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لەگەڵ رەزا رەحمانی پارێزگای ورمێ و شاندی یاوەری بەڕێوەچووە و دوای کۆبوونەوەکە ئومێد خۆشناو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەونیدا وتی، “رەوشی ئابووری و چۆنیەتى بەهێزکردنى جوڵە و رهوشی بازرگانی لە نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستانمان تاوتوێ کرد، لەگەڵ ئەوەشدا جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانی و پیشەسازییەکان و بەهێزکردنى جوڵەی بازرگانی لە نێوان هەردوولا کرایەوە”.
“پابەندبوونی خۆمان بە هەموو خاڵەکانی ئەو رێککەوتنانەی کە لەنێوانماندا هەیە، دووپات دەکەینەوە، یەکێک لە خاڵەکانی رێککەوتنەکانیش ئەوەیە کە لەناو ژوورەکانی بازرگانی هەولێر و ورمێ نوێنەرایەتییەکانمان بکەینەوە و ئەوەش دەبێتە دەستپێکێک بۆ بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانمان”، ئومێد خۆشناو ئەمەشی وت.
هاوکات رەزا رەحمانی پارێزگای ورمێ وتی، هەموو هەوڵێک دەخەنەگەڕ بۆ زیاتر پتەوکردنى پەیوەندییە پیشەسازیى و بازرگانییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و کۆمارى ئیسلامى ئێران و لەو پێناوەدا قسووری ناکەن.