دیمەنی کۆبوونەوەکەی پارێزگاری دهۆک لەگەڵ بەشێک لە بەرپرسانی پاریزگاکە وێنە: پاریزگای دهۆک
پاریزگای دهۆک:
“لەمەودوا دەبێت تابلۆی شوێنە گشتییەکان بە زمان و رینووسی کوردی دروست بنووسرێن”
964+
ژێوار خدر
بۆ رێکخستن و جوانکردنی شوێن و سیمای شار و شارۆچکەکانی پارێزگای دهۆک، لەمەودوا لە پارێزگاکە دەبێت تابلۆی شوێنە گشتییەکان، دوکان، کۆمپانیا و چێشتخانەکان هەمووی بە زمان و رێنووسی کوردی دروست بنووسرێن و هەڵبواسرێن.
پارێزگای دهۆک رایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە 28.7.2025، عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆک، لەگەڵ چەند بەڕێوەبەرێکی گشتی، بەڕێوەبەری فەرمانگەکان و بەرپرسی سەندیکا پەیوەندیدارەکان کۆبوونەوەیەکی ئەنجامداوە و لە کۆبوونەوەکەدا باس لە رەوشی بازاڕ و تابلۆی فەرمانگەکان، شوێنە گشتییەکان، ئەو زمان و رێنووسەی کە تابلۆکانی پێ نووسراوە کراوە.
پارێزگاری دهۆک جەختی لە گرنگیی دانانی ناوی کوردی لەسەر تابلۆکان کردەوە و وتی: “پێویستە هەموو تابلۆکانی فەرمانگەکان، شوێنە گشتی و بازرگانی و گەشتیارییەکان، کۆمپانیا، مارکێت، دوکان و بازاڕە مۆدێرنەکان هەمووی بە زمان و رێنووسی کوردیی دروست شانبەشانی زمانەکانی دیکەی عەرەبی و ئینگلیزی بنووسرێن و نیشان بدرێن”
پشتیوانیی کارگێڕیی پارێزگاکەشی نیشان دا بۆ جێبەجێکردنی ئەم بەرنامەیە لە هەموو شوێنەکانی پارێزگاکە.