قایمقامی قەزای رواندز:

“کێشەی کارەبا سەرتاسەرییە و سازش لەسەر مافی هاوڵاتیان ناکەین”

964+

ژێوار خدر

قایمقامی قەزای رواندز، سەبارەت بە کەمبوونەوە و ناجێگیربوونی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتمانی لە سنوورەکەدا روونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، گرفتێکی سەرتاسەرییە و لە دەسەڵاتی یەکە ئیدارییەکەیاندا نییە، رەتیشیدەکاتەوە، هیچ سازشێک لەسەر مافە خزمەتگوزارییەکانی هاوڵاتیان کرابێت.

ئەحمەد قادر، قایمقامی قەزای رواندز لە روونکردنەوەیەکدا کە ئەمڕۆ شەممە 26.7.2025 بڵاویکردووەتەوە رایگەیاند، “کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی کارەبا لە شار و شارۆچکەکانی دەرەوەی هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، گرفتی بۆ قەزای رواندزیش دروستکردووە.”

جەختی لەوەش کردووەتەوە، کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، بەردەوام لەگەڵ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سۆران لەسەر هێڵن تا دۆخی کارەبا ئاسایی بێتەوە.

ئەو دەنگۆیانەشی رەتکردەووتەوە، کە باس لەوە دەکەن یەکەی ئیداری رواندز پێداگیری لەسەر مافەکانی هاوڵاتییان نەکردبێت و دەڵێت، “کەس دەسەڵاتی سازشکردنی لەسەر مافەکانی هاوڵاتییان نییە و خزمەتکردنیان ئەرکی سەرشانی ئێمەیە.”

هەروەها دەڵێت، لە دوێنێوە تا رادەیەک کارەبای نیشتمانی جێگیر بووە و هەوڵدەدەن بە هەماهەنگی لەگەڵ خاوەن موەلیدە ئەهلییەکان، کارەبای پێویست بۆ هاوڵاتیان دابین بکەن.

لە کۆتایی روونکردنەوەکەیدا، قایمقامی رواندز داوای لێبوردنی لە هاوڵاتییانی سنوورەکەی دەکات، بۆ ئەو ناڕەحەتییەی بەهۆی کێشەی کارەباوە تووشیان بووە و دووپاتی دەکاتەوە ئەوەی لە توانایاندابێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بەتایبەتی کارەبا، درێغی ناکات.

ده‌سته‌ى مافى مرۆڤ لەسەر رووداوەکەی ناحیەی وەرتێ هات...

ده‌سته‌ى مافى مرۆڤ لەسەر رووداوەکەی ناحیەی وەرتێ هاتەدەنگ