بەهای دۆلار بەرزبووەوە - وێنە؛ گرافیکی 964
"موچە بێ بازاڕ شلۆق دەکات"
بەهای دۆلار بەرزبووەوە؛ هەر گەڵایەک 400 دیناری چووەسەر
964+
شۆڕش قادری
بەهای دۆلار لە بازاڕەکانی کوردستان کەمێک بەرزبووەوە و ئەمڕۆ هەر 100 دۆلارییەک بە 139 هەزار و 250 دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت.
کەیفی خۆشناو وتەبێژی بازاڕی دراوی هەولێر بە 964ـی وت، “ئەمڕۆ سێشەممە 22.7.2025 بەهای 100 دۆلار بە نزیکەی 139 هەزار و 250 دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت و بەراورد بە دوێنێ ئێوارە 300 بۆ 400 دینار بەرزبووەتەوە”.
ئاماژەی بەوەش کرد، بەرامبەر بە تمەنی ئێرانی، 100 دۆلار بە هەشت ملیۆن و 200 هەزار تمەنە بە نەختی و بە حەواڵەش بە هەشت ملیۆن و 700 هەزار تمەنە، هەرچی لیرەی سووریشە، یەک ملیۆنی، بە 141 هەزار و 500 دینارە.
سەبارەت بە کاریگەری هاتنی موچەی فەرمانبەرانی کوردستان لەسەر بازاڕی دراو، کەیفی خۆشناو دەڵێت، ئەگەر موچە بێت و بەتایبەتیش ئەگەر دوو موچە بەیەکەوە بدرێت، بازاڕی دراو بەتەواوەتی قەرەباڵغ دەبێت، چونکە زۆر کەس هەیە قەرزدارە و پارەکانیان دەگۆڕنەوە.