ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر لەگەڵ كونسوڵی فەخریی وڵاتی سریلانكا كۆبوونەوە
بازرگانی و كشتوكاڵ
شاندێکی بازرگانانی هەولێر سەردانی وڵاتی “چای” دەکەن
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
ستافی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر لەگەڵ كونسوڵی فەخریی وڵاتی سریلانكا كۆبوونەوە و بڕیاردرا شاندێكی بازرگانانی هەولێر سەردانی سریلانكا بكەن.
كامەران محەمەد ساڵح ئەندامی ئەنجومەنی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر، ئەمڕۆ چوارشەممە 16.7.2025 بە 964ی راگەیاند، جێگرانی سەرۆك و بەشێك لە ئەندامانی ژووری بازرگانیی هەولێر لەگەڵ كونسوڵی فەخری كۆماری سریلانكا ئەحمەد جەلال لە هەولێر كۆبوونەوە.
وتیشی، لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لە بارەی پتەوکردنی پەیوەندی و ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان سریلانکا و هەرێمی کوردستان بە تایبەت لە سێکتەرەکانی کشتوکاڵ، بازرگانی و گەشتوگوزار كرا، بڕیاریش درا لە داهاتوویەکی نزیکدا بە سەرپەرشتی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر بە هەماهەنگی لەگەڵ کونسوڵگەری فەخری سریلانکا لە هەولێر، شاندێکی بازرگانی رێکبخرێت بۆ سەردانیکردنی وڵاتی سریلانکا بە ئامانجی پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییەکان.
سریلانكا وڵاتێكی سەر بە كیشوەری ئاسیایە و دوورگەیەكە لە نزیك زەریای هیندی، بە “چای” بەناوبانگە و زۆرترین جۆری چا لەو وڵاتە دەچێندرێت و بەرهەم دەهێندرێت.