"خەریکی چاککردنەوەی بووە و منداڵەکەی سلفی لێیداوە"

هاوڵاتییەک کەوتە ژێر تراکتۆرەکەی و گیانی لەدەستدا

بڕوا مەجید – دەربەندیخان

لە قەزای دەربەندیخان هاوڵاتییەک لە کاتی چاککردنەوەی تراکتۆرەکەیدا، کەوتە ژێریەوە و گیانی لەدەستدا.

رووداوەکە ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 3.8.2026 روویداوە، حامید ئەحمەد پورزای ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە بە 964ـی وت، “خاڵۆزاکەم لەکاتێکدا خەریکی چاککردنەوەی تراکتۆرەکەی بووە، یەکێک لە منداڵەکانی سولفی لە تراکتۆرەکەی داوە، ئەویش هەوڵیداوە تراکتۆرەکەی رابگرێت، بەڵام  کەوتووەتە ژێریەوە و گیانی لەدەستداوە”.

ئەو هاوڵاتییەی گیانی لەدەستداوە، ناوی سۆران ئەحمەدە، تەمەنی 45 ساڵە، خێزاندارە و پێنج منداڵی دوای خۆی جێهێشت.

تەرمی ئەو هاوڵاتییە رەوانەی پزیشکی دادی سلێمانی کراوە و دوای پشکنین رادەستی کەسوکاری دەکرێتەوە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری