ئەمڕۆ سەقفەکەی رووخا

150 وەستا و كرێكار لە پاکكردنەوەی مزگەوتەكەی پیرەمەگروون بەشدارن

+964

ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

سەر لەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 12.7.2025، لەكاتی كۆنكرێتكردنی سەقفەكەیدا مزگەوتی تەلانییەكان لە ناحیەی پیرەمەگروون رووخا و پێنج كرێكار بریندار بوون، ئێستا 150 كەس كار لە پاككردنەوەی مزگەوتەكە دەكەن.

سەعدوون عەزیز، سەرپەرشتیاری دروستكردنی مزگەوتەكە بە 964ی وت، لەدوای بانگەوازەكەمان بۆ پاككردنەوە و دووبارە راستكردنەوەی شیشی مزگەوتەكە، هەموو وەستا و كرێكاری پیرەمەگروون بەهانامانەوە هاتوون و درێخیان نەكردووە و تا ئێستا نیوەی مزگەوتەكە پاككراوەتەوە.

وتیشی، نزیكەی 150 وەستا و كرێكار لە پیرەمەگروون لەسەر ئیشەوە بە شۆفڵ و سڵینگەوە هاتوون و دەستیان لە ئیشوكاری خۆیان هەڵگرتووە و خەریكی پاككردنەوەی مزگەوتەكەن، ژمارەیەك خەڵكی زۆریش لە گوندەكانی دەوروبەری پیرەمەگروون، قەزای بازیان، تاسڵوجە و قەزای دوكانیشەوە بۆ هاوكاریكردنمان گەیشتوونەتە مزگەوتەكە و خێرخوازێكیش دوو مەڕی هێناوە بۆ چێشت و نانكردن بۆ وەستا و كرێكارەكان.

دەشڵێت، ئەوەی ئێستا مەبەستیانە بەهەموو توانایەكەوە خەریكن چیمەنتۆكە رەق نەبێت و هەرچی زووە لەناو مزگەوتەكە دەری بكەن، نیوەی چیمەنتۆكە دەرهێنراوە و بەپێی وتەی وەستا و كرێكارەكان بێت تا سبەی بەیانییان پێدەچێت، تا هەمووی پاكدەكرێتەوە و دووبارە شیشەكانیش راست دەكەنەوە.

وەك باسی دەكات، مزگەوتەكە لە ژێر سەرپەرشتی ئەندازیاردا كراوە و هیچ كەموكوڕی و كەمتەرخەمی  تێدا نەكراوە، نێوان پایەكانی بەپێی ستانداردە و 10 مەتر بووە و نزیكەی سێ هەزار جەگی لەژێردا جێگیر كراوە.

ئەوەشی خستەڕوو، رووداوەكە لە نیوەی كارەكەدا روویدا، لەو كاتەدا نزیكەی 200 مەتر چیمەنتۆیان تێكردووە و لەناكاو سەقفەكە داڕوخاوە، گومان دەكەین جەگی ژێر دارو تەختەكان خزا بن.

چیمەنتۆی سەقفی مزگەوتێک رووخا و سێ کرێکار بریندارن

چیمەنتۆی سەقفی مزگەوتێک رووخا و سێ کرێکار بریندارن

“نزیكەی 40 وەستا و كرێكار بەسەر سەقفی مزگەوتەكەوە بوون لەكاتی داڕووخانی، لە چاو روداوەكە سەلامەت دەرچووین و سوپاس بۆخوا بریندارەكانیش زۆر نین، تەنیا سێ كرێكار بریندارن و دووانی دیكەش زەبریان بەركەوتووە”، سەرپەرشتیاری مزگەوتەكە وای وت.

محەمەد سالار، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی پیرەمەگروون لە بارەی رووداوەكە بە 964ی وت، پێنج كرێكاری بریندار گەیشتوونەتە نەخۆشخانەكەیان و سیانیان دەست و قاچیان شكاوە و دووان لەوانیش زەبر بەر چاو، پشت و سەریان كەوتووە، دوای چارەسەری سەرەتایی، دووانیان بۆ دڵنیابوونەوە لە سەلامەتی خۆیان رەوانەی نەخۆشخانەی شاری سلێمانی كراون، بەڵام تەندروستیان جێگیرە و مەترسی لەسەر ژیانییان نییە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

ئاگرێک لە پیرەمەگروون نزیکەی هەزار دار بەڕووی سووتاند

ئاگرێک لە پیرەمەگروون نزیکەی هەزار دار بەڕووی سووتاند