هۆكار چییە؟
رێگای سەرەکیی نێوان سلێمانی و کەرکوک دادەخرێت
964+
عەزیز عەبدوڵا- چەمچەماڵ
بەهۆی نۆژەنکردنەوەی بەشێکی رێگای سلێمانی بۆ کەرکوک، شەقامی نزیک چێشتخانەی سیروان تا بانی مەقان بۆ ماوەی دوو رۆژ دادەخرێت.
شێرزاد محەمەد، لە بەشی راگەیاندنی هاتوچۆی چەمچەماڵ بە 964ـی وت، ”ماوەی سێ تا چوار رۆژ دەبێت ناوە ناوە دەست کرابوو بە بڕین و رێککردنەوەی بەشێک لە رێگای سەرەکی سلێمانی بۆ کەرکوک بە مەبەستی نۆژەنکردنەوەی، چونکە لەو شوێنانەدا گرفتی هاتوچۆ بۆ شۆفێران دروست دەبوو”.
وتیشی، “ناشکرێ ناو کۆڵان و گەڕەکەکان بەکاربهێنین، تاکە جێگرەوە بۆ ئەم شەقامە ناو بازاڕی چەمچەماڵە، ئێستاش لە هەوڵداین کەمترین لۆد و قەرەباڵغی دروست ببێت، بۆیە بە تەواوی تیمەکانمانەوە لە ئامادەباشیدا دەبین بۆ ئەوەی بتوانین بە باشترین شێوە ئاسان کاری بۆ شۆفێران بکەین”.
بۆیەکەمین جارە ئەو شەقامانەی ناو شار بەکاردەهێنرێن بۆ رێگای سەرەکی و بەتایبەتیش ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر، هاتوچۆی چەمچەماڵیش داوا لە شۆفێران دەکات پابەندی رێنماییەکانی هاتوچۆ ببن و لەو خێراییەی کە بۆ شەقامەکە دانراوە، زیاتر لێنەخوڕن.
پێداچوونەوە: هاوبەش