موچە نەبێ دەوام ناكەن
بایکۆت لە گەرمیان تا دێت فراوانتر دەبێت
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
دواکەوتن و پێنەدانی موچەکانیان، فەرمانبەرانی بەشێک لە بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەکانی سنووری گەرمیانی ناچار بە بایکۆت کردووە، بەشێکی دیکە لە فەرمانگەکانیش دەوامیان کردوە بە نۆرە.
بەپێی زانیاریيەکانی 964، کارمەندانی نەخۆشخانە و مەڵبەندە تەندروستیيەکانی سنووری گەرمیان بایکۆتیان کردووە، جگە لەوانیش، دادگای بەرایی کەلار بە سەرجەم بەش و دادگاکانیەیوە جگە لە دادگای لێکۆڵینەوە، بایکۆتیان کردووە.
ھەروەھا بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری گەرمیان و فەرمانگەی دادنووسی کەلار بەیانیان و ئێواران، لەگەڵ فەرمانگەی دادنووسی رزگاری و کفری، لەو فەرمانگانەن کە بایکوتیان کردوە.
پەیامنێری 964، قسەی لەگەڵ کارمەندانی ئەو فەرمانگانە کردووە، ئامادەنین کۆتایی بە بایکۆت بھێنن تا ئەوکاتەی موچەیان پێدەدرێت.
ئەو فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییانەی بایکۆتیان نەکردووە، دەوامی فەرمانبەرانیان کردوە بە نۆرە، ھەر فەرمانبەرێک لە ھەفتەیەکدا رۆژێک یان دوو رۆژ دەوام دەکەن.
زیاتر لە 40 رۆژە، فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان موچەی مانگی پێنجیان پێنەدراوە، وا مانگی شەش تەواو دەبێت و چارەنووسی موچەش دیار نییە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا