لەکاتێکدا لە جەنگدایە
ئێران؛ پەیوەندییەکانی تەلەفۆنی ماڵان بۆ یەک مانگ دەکات بە خۆڕایى
964+
وریا فەتاح
لە کاتێکدا لە جەنگدایە و زۆرێک لە سێکتەرەکانى ئەو وڵاتە توشى قەیران بوون، بەڵام کۆمپانیای گەیاندنی ئێران پەیوەندییەکانی تەلەفۆنی جێگیر (ماڵان) لە سەرتاسەری وڵات بۆ ماوەى یەک مانگ دەکات بە خۆڕایى.
بە خۆڕایی کردنەکە تا 21ـى مانگى داهاتوو بەردەوام دەبێت.
بەپێی بڕیارێکی نوێی کۆمپانیای گەیاندنی ئێران، هەموو پەیوەندییەکانی ناوخۆی تەلەفۆنی جێگیر لە سەرتاسەری ئەو وڵاتەدا تا کۆتایی مانگی پووشپەڕ (بەرامبەر 21ـى تەمموزى داهاتوو) بەخۆڕایی دەبێت.
محەمەد جەعفەرپوور، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە رێنمایى بەشداربوانى کردووە کە بۆ کاراکردنى ئەم خزمەتگوزارییە پێویستیان بە ناردنى هیچ نامەیەک یان سەردانى ماڵپەڕ نییە، چونکە خزمەتگوزاریی پەیوەندیی بێسنووری خۆڕایی بۆ هەموو بەشداربووانی تەلەفۆنی جێگیر لە سەرتاسەری ئێراندا بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی کارا کراوە.
تەلەفۆنی جێگیر کە بە تەلەفونى زەمینى و ماڵان ناسراوە، جۆرێکی تەلەفۆنە که له ڕێگەی کێبڵێکی وایەر به تۆڕی گشتیی پەیوەندییەکانەوە بەستراوەتەوە. واته تەنیا له شوێنێکی دیاریکراودا کار دەکات، وەک ماڵ ئۆفێس و شوێنى کار.
ئەو خزمەتگوزارییە بێبەرامبەرە لە کاتێکدایە ئێران لە شەڕێکى سەختە لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا.