"لە شوێنێکی موحەرەمە کەوتبووەوە"

ئاگرە گەورەکەی شاخی قەرەچوغ کۆنتڕۆڵکراو نەیانهێشت بگاتە دەغڵودانی هاوڵاتیان

ئەحمەد شەمزین – هەولێر

لە دوێنێ شەوەوە ئاگرێکی بەربڵاو و گەورە لە شاخی قەرەچوغ لە سنووری قەزای مەخمور کەوتبوەوە، دوای سەرهەڵدانەوەی چەند جارێک، دوای نێوەڕۆی ئەمڕۆ لەلایەن تیمەکانی بەرگری شارستانییەوە کۆنتڕۆڵکراو.

ئاگرەکە لە نزیک ڕەبایەکانی هێزی پێشمەرگە، لە بەرامبەر گوندەکانی (کەلەشخان و چوارگۆمان) هەڵگیرسابوو.

مقدەم شاخەوان سەعید، وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر بە 964 وت، دوای ئەوەی لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە داوای هاوكاریان لێكرا لە رێگەی سێ تیمی بەرگری شارستانی دیبەگە چوون بۆ كۆنترۆل كردنی ئاگرەكە و دەڵێت “نەمانهێشت بگاتە گەنم و دەغل و دانی هاوڵاتیان”.

لایخۆشییەوە، راید هێمن ئەحمەد بەرێوەبەری بەرگری شارستانی دیبەگە بە 964ی وت ”ئەم شوێنەی ئێمە چووین محرەمەیە لە نێوان هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزە ئەمنیەكانی عێراق، بەڵام ئێمە هەر چووین و ئاگرەكەمان كۆنترۆل كرد دواتر زەرەر و زیانەكەمان هەڵسەنگاند تەنیا پووش و پەڵاش بوو .”

ئاماژەی بەوەشکرد، ​بەهۆی زۆریی پوش و پەڵاشی شاخەکە، ئاگرەکە بە خێرایی لە تەشەنەسەندن دابوو و لە توانای خەڵکی سنوورەکە نەبوو بیکوژێننەوە، بۆیە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەی ناحیەکانی (دیبەگە، سەرگەڕان، قەراج) و قەزای (مەخموور) بە پەلە  فریایان کەوتن.

پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن