لە هەریر

شەش ئەندامی یەک خێزان بەهۆی رووداوێکی هاتوچۆوە بریندار بوون

ئاکام غەفور – سۆران

لە دەروازەی شاری هەریر، ئۆتۆمبێلێک وەرگەڕا و بەهۆیەوە شەش کەس بریندار بوون، برینی سیانیان سەختە.

رووداوەکە ئەمڕۆ دووشەمە، 16.6.2025 لە نزیکی فرۆکەخانەی هەریر روویداوە، بریندارەکان سەرجەمیان ئەندامی یەک خیزانن کە پێکهاتوون لە دایک و باوک و چوار منداڵ و خەڵکی دەڤەری بارزانن.

محەمەد ئامۆکەیی، بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستی شەقڵاوە، بە 964ـی وت، شەش کەس بە برینداری گەیندراونەتە فریاکەوتنی نەخۆشخانەی هەریر، کە بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلەکەیان بریندار بوونە.

وەک تەندروستی باسی دەکات، ئەو شەش کەسە ئەندامی یەک خێزانن، دایک و باوک و سێ کچ و یەک کوڕن، بریندارەکان خەڵکی ناحیەی مەزنێی سەر بە قەزای مێرگەسۆرن و بەهۆی سەختی برینەکەیان سێ کەس بەڕێکراون بۆ نەخۆشخانەکانی هەولێر.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر