"هیچ مەترسییەک بۆ خوێنبەخشەر نابێت"

بانکی خوێنی هەولێر مەرجی نوێی بەخشینی خوێن بڵاودەکاتەوە

فەرهاد حەسەن

بەڕێوەبەرایەتی بانکی خوێنی ھەولێر مەرجی نوێ بۆ ئەو کەسانەی خوێن دەبەخشن بڵاودەکاتەوە و هەمانکاتیش ئەو مەترسیانە رەتدەکاتەوە کە لە ئەنجامی خوێنبەخشینەوە رووبەڕوویان دەبێتەوە.

بەپێی رێنماییەکانی بانکی خوێن هەر کەسێک ئەو مەرجانەی تێدابێت دەتوانیت خوێن ببەخشێت، کە ئەوانیش بریتیین لە  تەمەنیان لانیکەم 18 ساڵ و زیاتر بێت،  باری تەندروستیت جێگیر بێت،  کێش و قوڕسایی زیاتر بێت لە 50 کیلۆگرام و هیچ جۆرە نەخۆشییەکی گواستراوەی نەبێت، وەکو ئایدز و ڤایرۆسی هەوکردنی جگەر یاخود هەر نەخۆشییەکی تری گواستراوە لە رێگەی خوێنەوە.

سەبارەت بەوەی کە کەی پێویستە هاوڵاتیان لە بەخشینی خوێن دووربکەونەوە، ئاماژە بە چەند هۆکارێک کراوە لەوانەش،  لە ماوەی 90 رۆژی رابردوو خوێنی بەخشیبێت،  کەمیی توخمی ئاسن لە خوێندا، ژنانی دووگیان.،  پەستانی خوێنی زۆر بەرزبێت و پێش بەخشینی خوێن پێویستە پەستانی خوێنی بپشکنێت و هەندێک جۆری تایبەتی دەرمان بەکاربهێنێت.

لەبارەی ئەو مەترسیانەی رووبەڕووی کەسی خوێنبەخشیش دەبێتەوە دەڵێت بەخشینی خوێن هیچ مەترسیەکی نییە بۆ سەر تەندروستیی کەسی بەخشەر و هیچ جۆرە نەخۆشییەک توشی کەسی بەخشەر نابێت لە پرۆسەکەدا، چونکە دەرزی و ئامێری بەخشینەکە پاکژە و تەنیا یەکجار بەکاردێت.