گەنجێکى دهۆک داهێنانى کردووە
لەمەودوا “چات جی پی تی” بە ڤیدیۆ شوێنە گەشتیارییەکانی کوردستان نیشانی جیهان دەدات
وریا فەتاح
ئەگەر تا ئێستا بیانییەک لە چات جی پی تی (ChatGPT) پرسیاری ئامێدی یان قەڵای هەولێر و شوێنەوارەکانی کوردستانی بکردایە، تەنیا چەند دێڕێک نووسینی دەخستە بەردەم، بەڵام لەمەودوا دۆخەکە دەگۆڕێت، راستەوخۆ ڤیدیۆیەکی ناوازەت پێشان دەدات. ئەمەش بەهۆی داهێنانێکی گەنجێکی پارێزگای دهۆکەوەیە کە پڕۆژەیەکی کوردی بردووەتە ناو (ChatGPT).
ئەحمەد رەمزی، گەنجێکی داهێنەری خەڵکی دهۆکە، لەگەڵ دوو هاوڕێیدا پڕۆژەیەکی جیهانییان داڕشتووە کە بەهۆیەوە زانیارییە شوێنەواری و گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بە شێوەی ڤیدیۆ دەبەسترێنەوە بە سیستەمی کۆمپانیای چات جی پی تییەوە.
ئەحمەد رەمزی، وەک خاوەنی پڕۆژەکە تایبەت بە 964ـی قسە کرد و باسی لەوە کرد، بیرۆکەکەیان لە 20.4.2026 ئاراستەی کۆمپانیا جیهانییەکە کردووە، زۆری نەخایاندووە و هەر لە 5.5.2026 وەڵامێکی فەرمییان لە کۆمپانیاکەوە پێگەیشتووە کە پڕۆژەکەیان پەسەند کراوە و گڵۆپی سەوزیان بۆ هەڵکراوە تا دەستبەکار بن.
ئێستا تیمەکە ئامادەکاری دەکەن و بڕیارە لە رێکەوتی 6.6.2026 کامێراکانیان هەڵبگرن و بەناو هەر 18 پارێزگاکەی عێراق و هەرێمی کوردستاندا بگەڕێن. ئامانجیان تۆمارکردنی ڤیدیۆی کوالێتی بەرزە بۆ تەواوی شوێنە گەشتیاری و مێژووییەکان و لکاندنیانە بە داتابەیسی زیرەکی دەستکردەوە.
بەم هەنگاوە، هەر بەکارهێنەرێک لە هەر کیشوەرێکی جیهانەوە لە چات جی پی تی بپرسێت “سروشتی کوردستان چۆنە؟” یان زانیاری لەسەر شوێنێکی دیاریکراو بوێت، زیرەکییە دەستکردەکە تەنیا بە وشە وەڵام ناداتەوە، بەڵکو لە رێگەی ڤیدیۆکانی ئەحمەد و تیمەکەیەوە، دیمەنەکان بە روونی دەخاتە سەر شاشەکانیان.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح