نەتەنیاهۆ: ئێران بەتەواوى لاواز بووە
نوێترین زانیارى؛ 34 کەس بریندارن
وریا فەتاح
لە ئێوارەى ئەمڕۆوە، وەڵامى ئێران بۆ ئیسرائیل بە هێرشى موشەکى بالیستى دەستى پێکرد، ئێران دەڵێت بە دوو گوژمە نزیکەى 200 موشەکیان بۆ ئیسرائیل هەڵداوە، ئیسرائیلیش دەڵێت: تەنیا 9 موشەک کەوتووەتە خوارەوە.
بەپێى میدیاى ئیسرائیلى، تائێستا 34 کەس بریندارن و برینى دوو کەسیان سەختە، بەڵام بەهۆى بەردەوامى هێرشەکانەوە ژمارەکان دەگۆڕێن.
سوپاى ئیسرائیل لە نوێترین بڵاوکراوەیدا دەڵێت، تەنیا 9 موشەکى بالیستى لە خاکى ئیسرائیل کەوتووەتە خوارەوە، دەشڵێت: ئێران هێڵى سوورى بەزاندووە و ناوچەى سڤیلى بە ئامانجگرتووە.
هەرچى ئێرانە پێچەوانەى ئیسرائیل قسە دەکات و دەڵیت، ناوەند و بنکە سەربازییەکان و وەزارەتى بەرگرى ئیسرائیلیان بە ئامانجگرتووە و گورزى کوشندەیان لێداون.
بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیل لە نوێترین لێدواندا راگەیاند: ئێرانیان خستووەتە لاوازترین دۆخەوە و کاتى ئەوەیە گەلانى ئێران راپەڕن.