وەزارەتی ناوخۆ: كۆمەڵگەی تایبەت بۆ بازرگانیکردن بە چەک دادەمەزرێنین

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

وەزارەتی ناوخۆی هەرێم رێنماییەکی تایبەتی بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دەرکرد و دەبێت هەموویان کۆمەڵگەی تایبەت بە ئاڵوگۆڕی چەك دابمەزرێنن و کڕین و فرۆشتنی چەک رێکبخەنەوە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، وەزارەتی ناوخۆ لە رێگەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانەوە بازاڕەکانی بازرگانی چەک بە سیستم دەکات و کاری کۆمپانیا ئەمنی و راهێنانەکانی ئەو بوارە رێکدەخاتەوە، ئامانج لەو کارەش جێبەجێکردنی یاسای چەکە.

كۆمەڵێك كاری وەكو كڕین و فرۆشتن، چاككردنەوەی چەك، شوێنی راهێنان لەسەر چەك و سەنتەری مەشقی كارمەندانی كۆمپانیای ئەمنی لەژێر چاودێریی حكومەتدا دەبێت و بۆ ئەو مەبەستەش کۆمەڵگەی تایبەت لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دادەمەزرێت.

“كۆمەڵگەكە بە سیستمێكی ئەلیكترۆنییەوە بە وەزارەتی ناوخۆوە پەیوەست دەبێت و زانیارییەكانی تایبەت بە كڕین و فرۆشتنی چەك و راهێنان و مەشقپێكردنی كارمەندی كۆمپانیای ئاسایشپارێز، لەژێر چاودێریی وەزارەتی ناوخۆدا دەبن،” فەرمانگەی میدیا و زانیاری وا دەڵێت

بەپێی راگەیەندراوەکەی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، “ئامانجی حكومەتی هەرێم لەو رێنماییەدا، لەلایەكەوە جڵەوكردن و ڕێكخستنی كڕین و فرۆشتنی چەكە بە رێگەی یاسایی و قەدەغەكردنی بەكارهێنانی چەكە لە دەرەوەی یاسا، لەلایەكی دیكەشەوە دەیەوێت چالاكییە ئەمنییەكانی كۆمپانیاكانی پاراستنی ئاسایش، بە شێوەیەك رێكبخات كە بەپێی پێوەرە درووستە نێودەوڵەتییەكان و لەژێر چاودێریی حكومەتدا بن”.

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 2021دا، هەزار و 51 چەکی بێ مۆڵەت دەستی بەسەردا گیراوە، لەگەڵ ئەوەشدا 204 حاڵەتی تەقەکردن تۆمارکراوە.